مەزندە دەكرێ 500 ملیار دۆلارى عێراق بە قاچاخ و دزى رەوانەى دەرەوە كرابێ، شارەزایەكى یاسایى دەڵێ عێراق خۆى دەتوانێ ئەو پارەیە بگێڕێتەوە بێ ئەوەى پێویستى بە رێكخراوە نێودەوَڵەتییەكان بێت.
حەیدەر سۆفى شارەزاى یاسایى لە لێدوانێكى بۆ ماڵپەڕى بەغداد پۆستى عێراقى ئەمڕۆ رایگەیاندووە، عێراق بە تەنیا دەتوانێ پارەى خۆى لە دەرەوە بگێڕێتەوە بێئەوەى پێویستى بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێت.
لە سەرەتاى قسەكانى دەڵێ ئەو بڕە پارەیەى بە دزى وقاچاخ بۆ دەرەوە بردراوە، بە 500 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێ .
دواتریش دەڵێ، “عێراق توانى هەیە پارەكەى بگێرێتەوە بە تایبەتى دواى ئەوەى یاساى سەندووقى گێڕانەوەى سامانى عێراق لە دەرەوە دەرچووە”.
ئەو شارەزایە روونكردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێ، “بەگوێرەى ئەم یاسایە دەزگایەكى دامەزراوەیى دروست دەكرێت و بەدواى پارەكەى دەرەوە دەبێت، ئەو دەزگایە دەتوانێ بە كرێ پارێزەر و لێكۆڵەر بگرێ بە رەزامەندى سەرۆكى حكوومەت لە رێى وەزارەتى دەرەوە و داد كار بۆ گێڕانەوەى پارەكە بكات كە نزیكەى 500 ملیار دۆلار دەبێت”.
لە كۆتایى لێدوانەكەیشى دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە عێراق پێویستى بە رێكخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان نابێ بەڵكو پێویستى بە هەندێك رێكارى یاساییە كە دەبێت حكوومەت لە رێى سندووقەكەوە ئەنجامى بدات.
عێراق هێشتا بودجەى 2020ى دانەناوە، بەڵام بودجەى ساڵى 2019 نزیكەى 112 ملیار دۆلار بوو، كەواتە ئەو پارەیەى لە دەرەوەیە بەقەد بودجەى چوار ساڵى عێراقە.