ماڵپەڕێكى عەرەبى : نێچیرڤان بارزانى هەنگاوى خۆى نا ئێستا نۆرەى بەغدا و كۆمەڵگاى نێودەوڵەتییە

0

دواى سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بۆ توركیا، چەند ماڵپەڕێكى عەرەبى باسیان لە گرنگى سەردانەكە كردووە و ماڵپەڕى “عەرەبى 21” دەڵێ سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى بۆ توركیا لەناكاو نەبووە و بەڵكو نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ رۆڵى هەبێ لە هێوركردنەوەى گرژییەكانى نێوان بەغدا و ئەنكەرە.

ئەمڕۆ ماڵپەڕى “عەرەبى 21 “راپۆرتێكى لەسەر سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى كردووە و پرسیارى ئەوەى كردووە، لە دواى كۆبوونەوەكەى لەگەڵ ماكرۆن چى لە پشت سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى بووە و بۆ توركیا؟
جگە لەم ماڵپەڕە چەندان ماڵپەڕى تر كاریان لەسەر ئەم سەردانەكە كردووە، لەوانە ماڵپەرى “نینا”ى عێراقى لێدوانێكى لە دكتۆر مەحموود عوسمانى سیاسەتمەدارى كورد وەرگرتووە، كە سەردانەكەى سەرۆكى هەرێمى بۆ بەغدا و دواتر بۆ تۆركیا بە سەركەوتوو وەسف كردووە.


بەڵام ماڵپەڕى “عەرەبى 21” بە وردى هەوڵى داوە وەڵامى ئەو پرسیارانە بداتەوە، كە لە دوو رۆژى رابردوودا لەسەر سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى بۆ توركیا دروست بووە. وەك لە ناونیشانەكەیش دەردەكەوێ، پرسیارى یەكەم ئەوەیە ئایا سەردانەكە لەناكاو بوو؟


كیفاح مەحموود رۆژنامەنووس و توێژەرى كورد لە وەڵامى ئەو پرسیارە بەماڵپەڕەكەى گوتووە، “سەردانەكە لەناكاو نییە، بەڵكو پێشتر پلانى بۆ دانراوە، دوایین سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ توركیا لە حوزەیرانى 2019 بوو، لەمانگى تشرینى دووەمیش مەسروور بارزانى سەرۆكى حكوومەتى هەرێم سەردانى توركیا كردووە”.


كیفاح مەحموود ئاماژە بۆ چەند خاڵێك دەكات كە ئاماژەن بۆ پەیوەندى ئاسایى توركیا لەگەڵ هەرێمى كوردستان و هەرچەندە لەم ماوەیەى دواییدا بەهۆى هێرشەكانى توركیاوە گرژى تێكەوتووە. جگە لەمەیش كیفاح دەڵێ پەیوەندى توركیا لەگەڵ هەرێم هاوشێوەیەى ئەو پەیوەندییەیە كە توركیا لەگەڵ بەغدا هەیەتى.


ئەو نووسەرە سەرنجى ماڵپەڕەكە بۆ ئەوە رادەكێشێ، سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ ماكرۆن و سێ سەرۆكایەتییەكەى عێراق هاتووە و بێگومانیش چەندان بابەتى گرنگى لەگەڵ بەرپرسانى توركیا تاوتوێ كردووە.


دواتر دەڵێ ، “نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ رۆڵى لە هێوركردنەوەى ئەو گرژییانە هەبێت كە لە ماوەى رابردوودا لە نێوان بەغدا و ئەنكەرە روویان داوە، بە تایبەتى ئەو بە ئەندازیارى پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان دادەنرێت، بۆیە دەتوانێ بەشێوەیەكى ئەرێنى گۆڕانكارى لە بابەتەكە بكات”.

لەگەڵئەوەشدا پێشبینى ئەوە ناكات هێوركردنەوەى سەربازى لە نێوان توركیا و پەكەكە رووبدات، چونكە ئەمە بەگوتەى ئەو ململانێیەكە ساڵانێكە هەیە.

عەدنان سەراج كە نووسەرێكى عەرەبە، پێیوایە نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ رۆڵى ئەرێنى هەبێت، چونكە جیا لە رێككەوتنى لەگەڵ بەغدا ئەو پەیوەندییەكى دۆستانەى لەگەڵ بەرپرسانى توركیا هەیە، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانى توركیا چەندان دۆسیەى گرنگ دەكاتەوە”.

لە بەشێكى قسەكانى عەدنان سەراج دەڵێ، “ئەگەر سەردانەكە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ بەغدا بێت ئەوا سەرەتایەكى گرنگ و جددى دەبێ بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا، بەڵام مەرج نییە ئەنجامەكە بەو شێوەیە بێت كە نێچیرڤان بارزانى و بەغدا و فڕەنسا دەیەوێ”.

سەراج لەسەر ئەم خاڵە دەوەستێ كە گوتوویەتى “مەرج نییە ئەنجامەكە بەم شێوەیە بێت كە نێچیرڤان بارزانى و بەغدا و فڕەنسا دەیەوێ” روونكردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێ، “چونكە هەموو چاوەڕوانى بە كۆتاهاتنى تەنگژەكانى ناو هاوپەیمانى ناتۆن لەگەڵ كۆتایى هاتنى بارودۆخى لیبیا، ئینجا چارەسەرى جددى بۆ عێراق دەبێت”.

سەبارەت بەوەى سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى چ پەیوەندى بە دیدارەكەى ماكرۆنەوە هەیە، عەدنان سەراج دەڵێ، “بێگومان سەردانى ماكرۆن بۆ بەغدا و دیدارى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى ئاماژەیەكى روون بوو لەوەى كە فەڕەنسییەكان جددین لە پاڵپشتى هەرێم و عێراق لەڕووى سیاسییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەستوەردانى توركیا لە عێراق”.

لە كۆتایى قسەكانیشى ئەو توێژەر و نووسەرە باسى لەوە كرد، نێچیرڤان بارزانى بە رۆڵى خۆى هەڵساوە كاتێك سەردانى توركیاى كردووە، ئێستا نۆرەى هەنگاوى جددى بەغدا و كۆمەڵگاى نێودەوڵەتییە كە سنوورێك بۆ بڕیارى توركیا بۆ لێدانى پەكەكە دابنێ، كە زیانێكى زۆرى بە هەرێمى كوردستان و عێراق گەیاندووە.


عەدنان سەراج دەڵێ، “سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى خاڵ دەخاتە سەر پیتەكان لەگەڵ توركیا، بەڵام پێویستى بە جددییەكى راستەقینە هەیە لە لایەن بەغدا و كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بۆئەوەى سنوورێك بۆ بڕیارەكەى ئەنكەرە دابنێن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com