کێشە سەرەکییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان چییە؟

0

شلێر سەعید 

 رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە تاووتوێ کردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی) مامۆستایەکیش دەڵێت ”یەك وەرزی خوێندنی ڕاستەوخۆ بەقەد یەك ساڵ خوێندنی ئۆنلاینە”.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێی یونسێف سێیەكی قوتابیانی قوتابخانەكان لە جیهاندا ناتوانن بەردەوام بن لە خوێندن، كە ژمارەیان نزیكەی 463 ملیۆن منداڵن.

  یونسێف بانگەشەی كەمپینێك بەناونیشانی (روئیای نوێ) بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە خوێندن دروستبووە بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندگاكان.

هنرییتا فور، بەڕێوبەری جێبەجێكار لە یونسێف دەڵێت، بەهۆی دوورییان ئەو قوتابیانەی، كە بەخوێندن ڕاناگەن ژمارەیان كەمتر نییە لە 463 ملیۆن منداڵ ئەوەش كارەساتی نەخوێندەواری زیاد دەكات، چونكە زۆربەی ماڵەكان پێویستیەكانی خوێندتی ئۆنلاینیان نییە. دەشڵێت، هەتا گەر پێداویستیەكانیشیان بۆ دابین بكریت ناتوانن بەردەوام بن، چونكە ئەو منداڵانە نە ژینگەكە ڕێگەیان پێدەدات لەماڵ بخوێنن نە باری ژیانیان، چونكە زۆربەی كاردەكەن. 

لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕۆشنا عەلی، مامۆستا و نوسەر لەبواری پەروەردە، لەبارەی خوێندنی ئۆنلاین بە نوچەی ڕاگەیاند: ئەگەر باسی سیستەكی ئۆنلاین بكەین، دەبێت سەرەتا باس لەو سیستەمە بكەین، كە لەبەر دەست قوتابیە و كاری پێدەكات، ئایا سیستەمەكە تا ئەو ڕادەیە پێشكەوتووە تا قوتابی بتوانێت خوێندنێكی ڕێكوپێكی لەسەر بكات.

گوتیشی، ساڵی پار بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەزارەتی پەروەردە پەنای بۆ خوێندنی ئۆنلاین برد، بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك سیستەمێكی دانا و ئەو وانانەی لەناو سیستەمەكە دانرا زۆربەی تۆماركراون، كە لەلایەن قوتابخانەكانی خوێندنی ناحكومی وەرگیرابوون، و زۆر لەو وانانە هەموو شێوەزارەكانی  تێدانیە.

ڕۆشنا سەبارەت بە ئاستەنگەكان دەڵێت، ساڵی ڕابردوو 700 هەزار قوتابی ئەو سیستەمەی بەكارهێنا، بەڵام لەو ژمارەیە وەستا، لە كاتێك لە كوردستان ملیۆنەك و 800 هەزار قوتابی هەیە، گەر هەمو ڕۆژ ئەم سیستەمە بوەستێت چۆن دەبێت بۆیە ئەو سیستەمە بەكەڵك نایەت.

هەروەها دەڵێت، پێویستە هەم قوتابی و هەم مامۆستاش، لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی كاتێك قوتابی پرسیاری هەبێت وەڵامی بدرێتەوە، بەمەش بەكارهێنەری زۆر دەبێت بۆیە پێم وانیە قوتابی سودی لێ ببینێ.

ڕۆشنا ڕونیشی كردەوە، گەر سیستەمی خوێندن ئۆنلاین بێت، دەبێت سیستەمێكی باش دابنرێت و دەبێت بیرلەوە بكەنەوە كە لەگوندێك ئەنتەرنێت نییە و لە زستان كارەباش كەمە، بۆیە دەبێت بیر لەو ئەگەرانە بكرێتەوە، هەرچەندە ساڵی ڕابردوو سیستەمەكە فری بوو.

ڕۆشنا دەشڵێت، ئاستەنگێكی دیكەی بەردەم خوێندنی ئۆنلاین مامۆستا هەیە خۆی نازانێت سیستەمی ئەلیكترۆنی بەكاربێنێت ساڵی پار ئەوەمان بینی، لەلایەكی دیكەوە ماڵ هەیە لە گەڕەكە میلییەكان 4 بۆ 5 منداڵی هەیە ئایا ئەو دایكە چەندە دەتوانێت هاوكاری منداڵەكان بێت لەكاتێكدا لەوەیە دایك و بابەكە نەخوێندەواربن، ئەی چۆن بتوانێت ئایپاد و كۆمپیوتەریان بۆ دابین بكات. لەهەموشی گرنگنتر پۆلی یەكی سەرتاییە چونكە ئەوان هەرنازانن قوتابخانە چییە و چۆن بە ئۆنلاین فێر دەبێت بەم شێوەش ئاستی خوێندن زۆر دادەبەزێت. 

ئەو نوسەر پێی وایە، گەر خوێندن دواش بكەوێت باشترە، چونكە یەك وەرزی خوێندنی ڕاستەوخۆ بەقەد یەك ساڵ خوێندنی ئۆنلاین هەیە. دەشڵێت، گەر سەیری وڵاتان بكەین ئۆردن دەستیان بەخوێندن كردۆتەوە و سوید لەخوێندن دانەبڕاون، هەرچەندە من ناڵێم وەك سوید بین، چونكە ئەوان چارەسەریان هەیە بۆ كێشەكان، بەڵام لای ئێمە هەر پۆلێك 40 قوتابی تێدایە لە دەشتی هەولێر و زۆربەری شوێنەكانی دیكەش لە كوردستان، ئەوەش كێشەی گەورەیە.

پەپجی کردن یان خوێندن بە ئۆنلاین؟

عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی پەپجی کردن یان خوێندن بە ئۆنلاین، ماوەی چوار ساڵە خوێندن بە بیانوی جۆراوجۆر بە شەلەلی تێپەڕیوە، دوو سال بایکۆتی مامۆستایان بەهۆی پاشەکەوتی موچە و ساڵێک بەهۆی نەدانی موچە لەکاتی خۆی و ساڵێکیش کۆڕۆنا، پچڕ پچڕی دەوام و نەبوونی کار و کەرەنتینەوە، منداڵان و گەنجانی وڵاتەکەمان ئەوەی فێری بوون خەوتن و پەپجییە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئایا حکومەتی هەرێم بیری لەوە کردۆتەوە ئەگەر ئەنتەرنێت و ئایپاد بە ئیجباری بۆ خوێندکاران لەلاین خێزانەکانیانەوە بۆی دابین بکرێت، بە هۆی ئەم بڕیارەی حکومەتەوە، ئەوا دەبێت هەموو ماڵێک چاودێرێک بۆ منداڵەکانی بەکرێ بگرێت تا پەپجی نەکەن و وانەکان بکەنەوە، ئەمەش ئاسان نییە، چونكە ئەوەی من بزانم زۆربەی خێزانەکان لەکاتی کردنەوەی دەرگای خوێندن ئایپاد و مۆبایلەکان ئەپێچنەوە و نایدەن بە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بخوێنن.

لە كۆتایی نوسینكەی دەڵێت، بە پێویستی دەزانم هەرچی زوە ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و چارەسەرێکی گونجاوتر بدۆزێتەوە و کێشە بۆ خێزانەکان نەنێتەوە، من ئەم بڕیارە بە کۆتای هاتنی پەروەردە و فێرکردن تێدەگەم.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاندووە، كە قۆناغی بنەڕەتی و بەتایبەت بازنەی یەكەمی ( 1 و 2 و3 و4 ) هەرگیز سودمەند نابن لەوجۆرە خوێندنە، پێویستیان بە مامۆستا هەیە ڕوبەڕوو لەگەڵیان بێت و بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان و خوێندكاران بەتایبەت شارۆچكە و گوندەكان، هەرگیز ناتوانن سودمەند بن لەوشێوازە و پێداویستی ئۆنلاینیان بەردەست نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، خوێندنی ئۆنلاین پشت بەتەلقین و تەنها گوێگرتنی خوێندكار دەبەستێت ئەمەش فاشیلترین جۆری فێركردنە و تاقیكردنەوەكان و هەڵسەنگاندن بۆخوێندكار بوونی نامێنێت، بەمەش خوێندكار ناچارنابێت بۆ هەوڵدان و كۆشش كردن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com