ئەسعەد مورادی
پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشهممه 2-9-2020، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، دوای گەشتەکەی بۆ لوبنان گەیشتە بەغدا و لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی لێکرا. شارەزایانی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی ئەم سەردانەی ماکرۆن بۆ ئاوڕدانەوە لە عێراق و بەتایبەتی گوشارخستنەسەر تورکیا لێکدەدەنەوە.
ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا زیادیانکردووە و هۆکارێکی سەرەکیشی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە هەیە. تورکیا لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو دەریایە بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و ئەوەش وایکردووە، کێشە لەنێوان تورکیا لەلایەک و یۆنان و ئەندامانی دیکەی رێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا لە لایەکی دیکە دروستبێت.
تورکیا کەشتییەکی بەمەبەستی گەڕان و یەکەیەک لە هێزی دەریایی ناردووەتە ناوچەکە و حکومەتی یۆنانیش وەک کاردانەوەیەک بڕیاریدا یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەی بنێرێتە ناوچەکە بۆئەوەی ئاگاداری جووڵەکانی تورکیا بێت. حکومەتی فەرەنساش رایگەیاند، پێگەی سەربازیی خۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەوەش وەک دەربڕینی پاڵپشتی لە یۆنان. بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و پاریسی زیاترکرد، چونکە بەهۆی سیاسەتی دژی هەردوولا لەبارەی لیبیا، رۆژئاوای کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان گرژی لەنێوان هەردوولادا پێشتریش هەبوو.
رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و سەروەریی خاکەکەی تەوەرێکی کۆبوونەوەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بووبوو.
بەرهەم ساڵح لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی دوای کۆبوونەوەکەیان بۆ میدیاکان و روو لە ماکرۆن گوتی “ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیرییە، عێراقیش دەبێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، خاوەن بڕیار و سەروەریی تەواو رۆڵی میحوەری بگێڕێت لە ناوچەکە”. جەختیشی کردەوە “عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان”.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا لە حکومەتەکانی رابردوو، بەتایبەتی لە 35 ساڵی رابردوودا، پەیوەندیی باش بوون، هەنگاو بە هەنگاویش لە ئاستی پەرەپێدانی پەیوەندیی مرۆییەوە گەیشتە سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی. هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی فەرەنساش لە 45 رۆژی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و دەستخۆشییان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییە پتەوەی کە لەنێوان هەولێر و پاریس هەیە.
هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی فەرەنساش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی پەیوەندی زۆر چاک هەیە، بەڵام خوازیاری ئەوەن پەرە بە پەیوەندیی ئابووری و سەرمایەگوزاری و بواری دیکەش بدەن، ئەوە یەکێک لەو تەوەرانە بوو کە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان کرد. ئەو دیدارەی سبەی کە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت، لە سەرەتادا بەرنامەیەک هەبوو کە سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات. بەڵام بەهۆی کەمی کاتەکەی و کەمکردنەوەی بەرنامەکەی لە عێراق، وا بە پەسند زانرا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرا بۆ دیدارێک لە بەغدا.
کۆمەڵێک بابەت هەن، پەیوەندیی دوولایەنە و بارودۆخی ئێستا و داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و شەڕی داعش و سەقامگیریی سیاسی لە گشت عێراق، ئەوانە هەموو بابەتن کە فەرەنسا بە بایەخەوە تەماشایان دەکات و هەرێمی کوردستانیش بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینن لەو هاوکێشە سیاسییە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی.
دوای نيوهڕۆى دوێنێ چوارشهممه 2/9/2020 له بهغدا، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگهڵ بهڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سهرۆكى فهڕهنسا كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان، كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا، برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمی کوردستان و فهڕهنسا و دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكهيان بهگشتى تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان هەبوو
نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن لەبەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە “کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار” ناویبرد، کۆبوونەوەی یەکەمیان نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند و چەندین پرسی “گرنگ” تایبەت بە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاوتوێکراون.
دوای کۆبوونەوەی یەکەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا، کۆبوونەوەیەکی گشتگیری لایەنە عێراقییەکان بە بەشداریی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماکرۆن بەڕێوەچوو.
هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان. شاندی فەرەنساش جگە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوو وەزیر و باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا بوون.
نێچیرڤان بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی یەکەم لە توویتێکدا رایگەیاندووە “پێخۆشحاڵم بە بینینەوەی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن. ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان هەبوو. سوپاسگوزاری پشتیوانیی بەردەوام و پەیوەندییە بەهێزەکانی فەرەنسام بۆ هەرێمی کوردستان. بە هیواوە چاوەڕوانی گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ فەرەنسا”.
سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە بۆ فەرانسە گرنگە
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کۆمەڵێک بابەت هەن پەیوەندیی دوولایەنە و بارودۆخی ئێستا و داهاتوون لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و شەڕی داعش و سەقامگیریی سیاسی لە گشت عێراق؛ ئەوانە هەموو بابەتن کە فەرەنسا بە بایەخەوە تەماشایان دەکات و هەرێمی کوردستانیش بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینن لەو هاوکێشە سیاسییە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی.(١)
د.ئاسۆ حەسەنزادە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان مامۆستای زانکۆ، لەبارەی بەهێزبوونی رۆڵی فەرەنسا لە عێراق و سووریا و سوودی بۆ کورد، دەڵێت، کە لە رۆژئاوای کوردستان، فەرەنسا یارمەتیدەری کورد بووە و دژی تورکیا بووە، پاشان لەو گەمارۆ سیاسییەشی خرابووە سەر هەرێمی کوردستان دوای گشتپرسی سەربەخۆیی، فەرەنسا دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی ئەو گەمارۆیە لەسەر هەرێمی کوردستان بشکێندرێت. “راستە فەرەنسا لەسەر شەترەنجی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک دەسەڵاتێکی مامناوەندی حیسابە و ئەو رۆڵەی جارانی نەماوە، لەگەڵ ئەوەدا پێگەی لە یەکێتی ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئاسایش و زۆر چوارچێوەی دیکەدا گرنگە، بەڵام دەسەڵاتێکی مامناوەندیە بە ئیدعایەکی جیهانی، واتە مەیدانی کایەی دونیایە، بەڵام وەکو دەسەڵاتێکی مامناوەندی رەفتار دەکات”.
سەبارەت بە رۆڵی فەرەنسا لە دوورخستنەوەی دەستی دەرەکی لە عێراق و چۆنێتی هاوکاریکردنی مستەفا کازمی لەوبارەیەوە، ئاسۆ حەسەنزادە دەڵێ “حکومەتی مستەفا کازمی بەو ئاکامە گەیشتووە، کە یەکێک لە رێگاکانی چاکسازی ئەوەیە کە دەوڵەت سەروەربێت، ئەو سەروەرییە تەنیا رەهەندی نێوخۆیی نییە بۆ ئەوەی چاکسازی نێوخۆیی بکرێت، بەڵکو رەهەندێکی نێونەتەوەییشی هەیە، لە رووی دەستوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ لە عێراقدا”.
ماكرۆن له سهردانى داهاتوويدا بۆ عێراق،
سهردانى ههرێمى كوردستان دەكات
بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاندووە کە لە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، ماكرۆن رۆڵى ههرێمى كوردستانى له بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر و تێكشاندنى داعش بهرز نرخاند و وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵيى به گفتوگۆى نێوان ههولێر و بهغدا، پشتگيريى فهرهنساى بۆ ههرێمى كوردستان و ههوڵهكانى چارهسهركردنى كێشهكانيان له چوارچێوهى دهستووردا دووپاتكردهوه.
له كۆبوونهوهی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسادا ههردوولا هاوڕابوون كه سهقامگيريى عێراق به چارهسهركردنى كێشهكانى دهبێت و لهوبارهيهشهوه هاوكاريى فهرهنسا و دۆستانى له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى بۆ عێراق به پێويست زانرا.
ماكرۆنيش دووپاتى كردهوه كه له سهردانى داهاتوويدا بۆ عێراق، خۆشحاڵ دهبێت بێته ههولێر و له نزيكهوه سهردانى ههرێمى كوردستان بكات.
د.عەزیز جەبر شەیال، سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد فەرەنسا و عێراق پەیوەندییەکی دوورودرێژ و مێژوویی زۆرباشیان هەیە، ئێستاش هەردوو وڵات پێویستیان بەیەکدییە. عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە لەپێناو هەستانەوەی ئابووری و هاوکاریکردنی عێراق و دەرهێنانی لەو تەنگژە داراییەی تێیکەوتووە.
د.عەزیز شەیال دەشڵێت “ئەو گوشارەی فەرەنسا لەسەر تورکیا دروستیکردووە، عێراق دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت، دەکرێت فەرەنسا کارتێک بێت بۆ گوشارخستنە سەر تورکیا و پێویستە عێراقییەکان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بن. هەربۆیە پێموایە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کارێکی باشی کرووە کە سەرۆکی هەرێم چووەتە بەغدا”.
دڵشاد نامق فەرەج، مامۆستای زانکۆ لە بەشی زانستە سیاسییەکان بە نوچەی گوت، فەرەنسایش خاوەنی کلتورێکی قوڵی دیموکراسییە و هەمیشە بە دوای پێگەی خۆیەوە بووە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بۆیە لە شەڕی داعشیش پشتیوانێکی بەهێزی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، پێشتریش هەر لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە وهەتا ئێستایش پشتیوانێکی بەهێزی هەرێم بووە، بۆیە فەرەنسا سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان ڕەچاو دەکات لەهەر پەیوەندییەکدا لەگەڵ عێراق، فەرەنسا عێراقێکی دەوێت، کە مافە دەستورییەکانی کوردستان بپارێزێت و رێز لە سەروەری دەستور بگرێت.
دڵشاد نامیق دەشڵێت، جیاوازییەکەی فەرەنسا لەگەڵ وڵاتانی دیكە ئەوەیە، هەتا ئێستا لەچەند وێستگەیەکدا بەکردەوە ئەمەی سەلماندووە، هەر بۆیە لە روانگەی فەرەنساوە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکیە لە بڕیاری سیاسی عێراق و ناکرێت سیاسەتی عێراق خاڵی بێت لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕونیشی كردەوە، كە سەبارەت بە وڵاتانی تریش، عێراق ئێستا لەسەر هێڵی گواستنەوەیە بۆ بنیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتاندا، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی عێراق، نەك لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئێران، ئەمەیش ڕێگەی خۆشکردوە بۆ کرانەوە بەڕوی جیهاندا و چوون بەرەو جیهانی عەرەبی و کەمبوونەوەی هەژموونی ئێرانی، کە لەمەیشیاندا گرنکە ئیرادەی هەرێمی کوردستان ڕەنگ بداتەوە، چونکە هەرێم پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی خاوەن قورسایی عەرەبی هەیە، لە نمونەی سعودیە و ئەردەن و ئیمارات و تەنانەت میسریش، کە بێگومان لە ئەگەری توندوتۆڵبوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ عێراقدا.
عەزیز ماملێ، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، لەبارەی بەهێزبوونی رۆڵی فەرەنسا لە عێراق و ناوچەکە و پەیوەندی بەهێزی فەرەنساو لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، پێیوایە، مەبەستی سەرەکی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دروستبووە، کە ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی دەستوەردانی کاروباری نێوخۆیی لەلایەن ئێرانەوە، ئیمانوێل ماکرۆن دەیەوێت بە یارمەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە ببینێتەوە و خەڵک و دەوڵەتی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بتوانن چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن.
عەزیز ماملێ دەڵێ “داوای حکومەتی فەرەنسا لە دەوڵەتی عێراق ئەوەیە، کە خۆی بەدوور بگرێت لەو کێشانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەخۆیی و سەقامگیری و حکومڕانی خۆی بپارێزێت”.
بە بڕوای عەزیز ماملێ فەرەنسا لە بیرو هەوڵی ئەوەدایە “عێراق هانبدات و ئەویش یارمەتیدەر و پاڵپشتی دەکات، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەک دەربکەن بۆ ئەوەی سوپای تورکیا زیاتر رێگە بەخۆی نەدات لەو دەستدرێژیانەی بەردەوامبێت و بگەڕێتەوە سەر سنوورەکانی خۆی”.(٢)
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لە سەردانەكەى ماكرۆن بۆ عێراق دەكات و دەڵێت ”ماكرۆن لە سەردانەكەى گوتوویەتی، پرۆژەیەكمان بە عێراق داوە سەروەرییەكەى دەپارێزێ، ئێمە چاوەڕوانى سەركردایەتییەكى دەكەین بۆ ئەوەى دوایین تێبینى خۆیان لەسەر پرۆژەكە بدەن.
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لەسەر ئەو لێدوانەى ماكرۆن دەڵێ ”نە ماكرۆن و نە سەركردەكانى عێراق، تا ئێستا هیچ زانیارییەكان لەسەر ئەو پرۆژەیە ئاشكرا نەكردووە”.
زافر عانى ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پەرلەمان لەسەر سەردانەكەى ماكرۆن، لە لێدوانێكى بۆ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت دەڵێ، ”فەرەنسا دەیەوێ هەلەكە بقۆزێتەوە و ئەو بۆشاییە پڕبكاتەە كە ئەمریكا دروستى كردووە”.
یاسین بكرى مامۆستاى زانكۆ لە عێراق، لە لێدوانێكى بۆ رۆژنامەكە دەڵێ، ئەو سەردانە لە چوارچێوەى رۆڵى فەرەنسا دێ لە رێكخستنەوەى كارتەكانى لە ناوچەكە، بە تایبەتى ئەوەى بەندە بە پەیوەندى ئەوروپى و ئێرانى و ئەمریكى.
سەرچاوەکان: