ئەمڕۆ لەناو خاكى سووریا میلیشیا عێراقییەكانى سەربە ئێران لەلایەن فڕۆكەى نەناسراوەوە بۆردمان كران و 16 چەكداریان كوژرا. ئاژانسى فڕانس پرێس گوتوویەتى لەوە دەچێ ئیسرائیل هێرشەكەى كرد بێ.
ئەمڕۆ لەدەوروبەرى شارى مەیادینى رۆژهەڵاتى سووریا و باشوورى شارى ئەلبوكەمال میلیشیا عێراقییەكانى سەربە ئێران لە لایەن فڕۆكەى نەناسراوەوە بۆردمان كران.
روانگەى سوورى بۆ مافەكانى مرۆڤ گوتوویەتى، لەو دوو هێرشە 16 چەكدارى هێزە میلیشیاكان كوژراون، لە شارى مەیادین حەوت كەس كوژراون و نۆیەكەى تریش لە باشوورى ئەلبوكەمال.
روانگەى سوورى باسى لەوەیش كردووە، ئەو گرووپەى هێرشى كراوەتەسەر حزبوڵاى عێراقى بووە.
هەر یەكە لە روانگەى سوورى و ئاژانسى فڕانس پرێس و ماڵپەڕى حوڕە دەڵێن لەوە دەچێ هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەكانى ئیسرائیلەوە ئەنجام درا بێ.
ئەمەیش دووەم هێرش دەبێت كە لە ماوەى هەفتەیەكدا دەكرێتەسەر میلیشیاكانى ئێران لە سووریا.
لەسەرەتاى هەڵگیرسانى شەڕى سووریا، ئێران چەكدارانى خۆى و میلیشیاكانى عێراقى ناردووەتە سووریا بۆئەوەى پاڵپشتى لە مانەوەى رژێمى ئەسەد بكەن.
لە چەند ساڵى رابردوودا دەیان جار هێرش كراوەتەسەر ئەو میلیشیایانەى ئێران، هەرچەندە زۆرجار ئیسرائیل بێدەنگى لەو هێرشانە كردووە، بەڵام بەرپرسانى .
ئیسرائیل هەمیشە دووپاتیان كردووەتەوە، لە هەر شوێنێ هەستى بە مەترسى ئێران بكەن بۆردمانى دەكەن.