ئەندامێكى لیژنەى هەمواركردنەوەى دەستوور لە پەرلەمانى عێراق راگەیاندووە 115 مادەى دەستوورى لەلایەن لیژنەكەوە تاوتوێ كراون، چوار بابەتى سەرەكیش ناكۆكیان لەسەرە كە دووانیان پەیوەندیان بە هەرێمى كوردستانەوە هەیە.
یونادم كەنا ئەندامى لیژنەى هەمواركردنەوەى دەستوورى عێراق ئەمڕۆ لە لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق ئاشكراى كردووە، لیژنەى هەمواركردنەوەى دەستوورى عێراق لە پەرلەمان 115 مادەى تاوتوێ كردووە، تەنیا 25 مادە ماوە.
دووپاتیشى دەكاتەوە بەهۆى وەستانى دانیشتنەكانى پەرلەمانەوە كاروبارى لیژنەكەیش وەستاوە.
لە بەشێكى ترى لێدوانەكەى كەنا ئاشكراى دەكات چوار بابەتى سەرەكى لە هەمواركردنەوەى دەستوورى عێراق ناكۆكییان لەسەرە ئەوانیش بریتیین: ئایا سیستەمى دەسەڵات لە عێراق پەرلەمانى یان سەرۆكایەتى یان تێكەڵ بێت، دووەمیان ئاخۆ دەسەڵاتى فیدڕاڵى چى دەبێت، دەسەڵاتى هاوبەشى هەرێم و بەغدا چى دەبێت. بە گوتەى كەنا بابەتێكى تر ئەوەیە دەبێت بابەتەكە بەشێوەیەكى تر داڕشتنیان بۆ بكرێت كە فرەڕوو نەبن و لێكدانەوەى جیاواز هەڵنەگرن.
دواى ئەوەى ئەم بابەتانە یەكلایى كرانەوە، ئینجا بابەتەكە دەگاتە سەر ئەوەى هەمواركردنەوەكە قبووڵ دەكرێت یان نا.