ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ساڵی نوێی خوێندن بڕیاریدا

0

نوچە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە تاووتوێ کردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی).

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020-9-2، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە تایبەت بوو بە تاووتوێ کردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 لە ناوەند و دامەزراوەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان .

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، هەر یەک لە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ( لە جیاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) ڕاپۆرتێکی بەرفراوانیان دەربارەی چۆنێتی و ئەگەر و بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن  خستەڕوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەکان.

دواتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا( کۆڤید 19) و پێشھات وئەگەرەکان خستەڕوو .

دوای تاوتووێ کردنی هەموو ئەگەرەکان و بە هۆی بەردەوامیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناوی بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و پاراستنی بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پەیوەندییدارەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی) و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ ڕاگەیاندنی رۆژژمێری وەرزی یەکەمی خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی پابەندبوونی ھاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا کە بەداخەوە لە تەشەنەکردندایە، وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە ڕێنماییە تەندروستیيەکانیان لەمبارەیەوە ڕێکبخەنەوە و بە ھامەھەنگي لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەردەوام بن لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوەی خۆپارێزیی و وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ڕاسپێردران کار بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی دارایی بۆ ئەم پرۆسەیە بە ھەماھەنگی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com