ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەیامێکی دیکە بوو لەلایەن فەرەنساوە، کە هەرێمی کوردستان جێگای سەرنجێکی تایبەتییە لەلایەن وڵاتانەوە.
ئهمرۆ چوارشهممه 2-ی ئهیلولی 2020، ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆككۆماری فهرهنسا، به سهردانێكی فهرمی گهیشته بهغدای پایتهختی عیراق و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات، بۆ بینینی ماكرۆن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدای كردووە و بڕیاره لەگەڵیدا کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای ئیمانوێل ماکرۆن بووە، چونکە لەبەر کەمی کات، ماکرۆن ناتوانێت سەردانی ھەولێر بکات و تەنیا چەند كاتژمێرێك لە بەغدا دەمێنێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پاڵپشتی و گرنگی پێدانی وڵاتان بە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دوای سەردانی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا و بەشداربوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دیدار و کۆبوونەوەکانی واشنتۆن، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای ئەمریکا بوو، بۆ مستەفا کازمی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کە ئەمریکا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بەشە بودجەیە بۆ هەرێمە.
سەبارەت بە بانگێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنساوە دووبەردانی، گوتی “دوای ئەوەی کۆبوونەوەکانی عێراق لەگەڵ واشنتۆن بە بەشداری نوێنەری هەرێم سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش پەیامێکی دیکە لەلایەن فەرەنساوە دراوە بە سەرۆک وەزیران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کە هەرێمی کوردستان جێگای سەرنجێکی تایبەتییە لەلایەن وڵاتانەوە، بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنسا، کە دوو وڵاتای بەهێزن”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، فەرەنسا دۆستی لەمێژینەی کورد بووە و یەکەم پاڵپشتی کورد و حكومەتی هەرێمی کوردستان فەرەنسا بووە. دەشڵێت “ئێستاش کە ماکرۆن هاتووەتە عێراق و داوای کردووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینێت، بۆ دڵنیا کردنەوەی پاڵپشتی فەرەنسایە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش جێگای ڕێز و بەهێزییە بۆ کورد. هەروەها پەیامێکی بەهێزیشە بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، کە کورد حاڵەتێکی ستراتیژییە بۆ فەرەنسا و لە هەموو کاتێکدا پاڵپشتی کورد دەکەین”.