لە راپۆرتێكدا ئاشكرا كراوە حزبەكانى عێراق فشارێكى زۆر دەخەنە سەر مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق، بۆئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دوا بخات بە پاساوى ئەوەى خەرجییەكەى زۆرە.
رۆژنامەى عەرەبى جەدید ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووە، فشارێكى زۆر لەلایەن حزبە عێراقییەكانەوە دەخرێتە سەر كازمى بۆئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دوا بخات كە بڕیارە لە شەشى حوزەیرانى داهاتوو بكرێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار گوتوویەتى، بە تایبەتى حزبەكانى سەربە ئێران ئەو فشارە دروست دەكەن، لە ترسى ئەوەى كورسییەكانیان لە ئەنجامى هەڵبژاردنەكە كەم نەكات.
ئەو سەرچاوەیە باى لەوەیش كردووە، ئەگەرهاتوو كازمى ملكەچى داواى ئەوان بێت ئەوا ناتوانێ راستەوخۆ بڵێ من هەڵبژاردن دوا دەخەم بەڵكو دەبێت پاساوێك بدۆزێتەوە.
یەكێك لە پاساوەكانیش ئەوەیە هەڵبژاردنەكە خەرجییەكى زۆرى دەوێ و لەو كاتەدا ئەستەمە حكوومەت بتوانێ دابینى بكات.
بەگوێرەى زانیارییەكان مەزندە دەكرێ تێچووى هەڵبژاردنەكە 250 ملیۆن دۆلار بێت.
حوسێن هینداوى راوێژكارى سەرۆكى حكوومەتى عێراق لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى دەڵێ، حكوومەت كار دەكات بۆئەوەى بڕە پارەكە كەمتر بكاتەوە و پابەندیش دەبێ بە دابینكردنى، جیا لەوەیش لە بودجەى 2021 بڕە پارەیەك بۆ هەڵبژاردن تەرخان دەكرێت.
هەرچەندە بەرپرسانى تری حكوومەتیش نایانەوێ خەرجى هەڵبژاردن بكەنە بابەتێكى گرنگ بۆ باسكردن، كەچى ئەو حزبانەى نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێت ئەوا هەوڵ دەدەن وەك پاساوێك زەقى بكەمەوە.