كۆمەڵی ئیسلامی بۆ وەزارەتی ئەوقاف: ئیتر بەسە
نوچە: هەولێر
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی، دەربارەی سزادانی مەلاكەی هەولێر، پەیامێك ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف دەكات و پێیاندەڵێت “بەسە ئیتر”، هەروەها لە پەیامەكەدا دەڵێت “دەخوازم ئەم وەزیرە گۆڕانە گۆڕان لە كارو سیستەمی وەزارەت بكات و دەستیوەردانی حزبی لە كاروباری وەزارەت نەهێڵێت”.
لە پەیامێكدا كە بە هۆی سزادانی مەلاكەی هەولێرەوە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقافی كردووە، محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی نووسیویەتی “بەسە چیتر وەزارەت سزای مەلاكان بە لادان لە وتارەوە دەست پێ نەكات با پێش لادان تێبینی وسەرنج راكێشان وكۆمەڵێ ئیجرائاتی تر پیادە بكات و ئەگەر لە سەر داوای خەڵك مەلا لادەبەن ئەوا با ناوی دەیان مەلاتان بۆ بنێرین كە خەڵك لێیان بێزارە بزانن دەتوانن لایان بەن!!”.
هەروەها نووسیویەتی “ئینجا عەجەبا بەس لە مەلا لابردن لە وتار ئازان ئەی گەندەڵەكان بۆ لە فەرمانگاكان لانابەن!!”.
وتەبێژەكەی كۆمەڵ، لە كۆتایی پەیامەكەیدا رووی لە وەزیری ئەوقاف كردووە و نووسیویەتی “دەخوازم ئەم وەزیرە گۆڕانە گۆڕان لە كارو سیستەمی وەزارەت بكات و دەستێوەردانی حزبی لە كاروباری وەزارەت نەهێڵێت!”.