ئەسعەد مورادی
قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، کەرتی تەندروستی ئیدارەی شنگال بەهۆی هاوکاری چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، لە پێش هەموو ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا دایە.
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بەشەكانی ئەندازیاری و هونەریی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكان بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیایەك دەستیانكردووە بە پرۆژەكانی بنیادنانەوە لە قەزای شنگال، كە ژمارەیان 200 پرۆژەیە.
پارێزگاری نەینەوا روونیشیكردوەتەوە، هەڵگرتنەوەی پاشماوەكانی جەنگ كۆتاییان هاتووە و پرۆژەكان لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا جێبەجێدەكرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، لەبارەی گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە رایگەیاند: لە رووی کەرتی تەندروستییەوە ئیدارەی شنگال بەهۆی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، لە پێش هەموو ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا دایە، هەروەها پەیوەندیشمان لە گەڵ وەزیر زۆر باشە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا. چونکە بۆ هەر ارێکی پێویست هاوکار و پشتیوانن.
مەحما خەلیل دەشڵێت، داخوازی ئێمە ئەوەیە، کە ئەو پرۆژانەی رایان گەیاندووە بە زووترین کات بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەبارەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی شنگال لە شنگال، مەحما خەلیل گوتی ”قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوایە و لەسەر هەرێم نییە خزمەتگوزاری بۆ دابین بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ٨٥% ئاوارەکانی شنگالی لەخۆ گرتووە، هەموو هاوکارییەکی پێویستی بۆ ئاوارەکان ئەنجامداوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پارێزگاری نەینەوا، پرۆژەكان لەسەر داهاتی سندوقی بنیادنانەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان ئەنجامدەدرێن، ئامانجیش لە پرۆژەكان گەڕانەوەی ژیانە بۆ سەرجەم قەزا و شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگای نەینەوا و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكانە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان.