ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی کورد رایدەگەیەنێت، ئێران بۆ پەرەپێدانی هەژموونی و دەستەبەرکردنی خواستەکانی، هەول بۆ ئانارشیزەکردنی ناوچەکە دەدات، بۆیە رێککەوتی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە خیانەت ناو دەبات.
لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
سەرەڕای دژایەتی بەردەوامی ئێران بۆ ئەو رێککەوتنە کە دەڵێ دەبێ ئیمارات باجەکەی بدات، هەر لەم بارەوە ئەمڕۆ( سێشەممە 1-9-2020)، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە ”ئیمارات خیانەتی لە جیهانی ئیسلامی، گەلی عەرەب، ولاتانی ناوچەکە و فەلەستین کردووە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکاری سیاسی کورد، لەبارەی هەڵوێستی توندی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات رایگەیاند: بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە ئێران دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و پاوانخوازە و هیچ یاسا و نۆڕمێکی لۆژیکی کایەی سیاسی لە پێوەندییە نێونەتەوەیی دا قەبووڵ نییە، واتە بۆ پەرەی هەژموونی و دەستەبەرکردنی خواستەکانی، هەول بۆ ئانارشیزەکردنی ناوچەکە دەدات، بۆیەش هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربەخۆیانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیمارات، خاوەن دەسەڵات و کەسایەتێکی حقووقیە لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، بەهۆی ئەوەکە دژی ئانارشیزمی ئێرانە، لەلای کاربەدەستانی ئێرانی دەچێتە خانەی خیانەت و دژایەتی ئەهوەنی نەتەوەیی ئێران.
شاهۆ حوسێنی دەشڵێت، گومان لەوەدا نییە، کە ئەوەش لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی ئێران بەدی هاتووە، ئەگینا، وڵاتانی عەڕەبی ناوچەی کەنداو ئەگەر مەترسی و هەڕەشەیەک بەناوی ئێرانی ویلایەتی فەقیهی نەبووایە، وا بە سانایی و بەو شێوەیە، پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەدەبۆوە و هەموو ئەوانە بۆ پێش گرتن بە هەژموونی تێرۆریزمی ئێرانییە لە ناوچەکە.
لەبارەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، حوسێنی گوتی ”لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەوەی کە ئێران، نە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دا خاوەن شەرعییەت و ڕەواییەکی ئەوتۆیە و نە لەناوخۆش خاوەن شەرعییەت و مەقبوولییەتە. هەروەها مێژووی ئەو دەسەڵاتانەی، کە هاوشێوەی ئێران بوون، نیشانی داوە کە ئاسۆی ئیقبال و هەژموونییان ئاوا بووە و لەناو چوون”.