پەرلەمانتارانى عێراق كێشەكانى وڵاتەكەیان ئاڵۆزتر دەكەن

0

جیا لەوەى پەرلەمانى عێراق لەو هەموو كێشانەى ئەمساڵى وڵاتەكەى رۆڵى نەبووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران بە لێدوانەكانیان كێشەكانى عێراق ئاڵۆزتر دەكەن و گرژیى زیاتر لە نێوان پێكهاتەكانى عێراق دروست دەكەن.

دوێنێ ماسیۆ تۆلەرى باڵوێزى ئەمریكا لە عێراق داواى لە پەرلەمانى عێراق كرد رۆڵی هەبێت و رێككەوتنى ستراتیژى نێوان ئەمریكا و عێراق پەسند بكات، كە نێوان ئەمریكا و عێراق واژۆ كراوە.

ئەو داواى باڵوێزى ئەمریكا لە كاتێكدا دێ، پێشبینى دەكرێ لەگەڵ دەستپێكردنەوەى دانیشتنەكانى پەرلەمان كێشەیەكى زۆر دروست بێت و شەڕى سیاسى و بەرژوەندى حزبى رێگەنەدات كار بۆ بەرژوەندى خەڵك بكرێت.

ئەمساڵ عێراق زۆرترین كێشەى ئابوورى و سیاسى و تەندروستى هەبوو، كەچى پەرلەمان كەمترین دانیشتنى ئەنجام دا، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى میدیاكانى عێراق بڵاوكراونەتەوە ژمارەى دانیشتنەكانى پەرلەمان تەنیا شەش دانیشتن بووە. یەكێكیان بۆ دەركردنى هێزەكانى ئەمریكا و یەكێكی تریش بۆ دەنگدان بووە بە حكوومەتەكەى كازمى.


رۆژنامەى “عەرەبى جەدید” ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باسى لە هەڵوێستى پەرلەمانتاران كردووە و گوتوویەتى ئەوان بە لێدوانەكانیان دژى رێككەوتنى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەوەستنەوە و داوا دەكەن هیچ ژوورێكى هەماهەنگى لەنێوان ئەو دوو هێزە دادەنرێت.


رۆژنامەى عەرەبى جەدید لە راپۆرتەكەى دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو هەڵوێستەى پەرلەمانتاران ئاماژەیەكە بۆ گرژییەكى ترى سیاسى لە عێراق.

بەگوێرەى هەموو ئەو هەڵسەنگاندانەى بۆ رۆڵى پەرلەمانى عێراق كراوە، ئەندامانى ئەو ئەنجوومەنە جیا لە قاڵبوونەوە لە ناكۆكییە سیاسییەكان رۆڵێكى ئەوتۆیان لە چاودێرى كارەكانى حكوومەت نەبووە.


كەچى لەبەرامبەردا پەرلەمانتاران لە كێبڕكێ سیاسى و نانەوەى گرژى رۆڵێكى بەرچاویان هەبووە، ئەوان بوون فشاریان خستەسەر حكوومەتى عادل عەبدولمەهدى تا مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان ببڕێت.


هەر پەرلەمانتاران بوون داوایان لە كازمى دەكرد، دەست بەسەر دەروازە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان بگرێت و دواجاریش داوایان لە كازمى كرد ئەو 320 ملیار دینارە رەوانەى هەرێمى كوردستان نەكات كە لە مانگى رابردوودا لەگەڵ سەرۆكى حكوومەتى هەرێمى لەسەرى رێككەوتوون.


لە چەند رۆژى رابردوویشدا هەندێك لە پەرلەمانتارانى شیعە دەستیان كردووە بە پروپاگەندەى تایفەگەرى لە دژى سەركردەكانى سوننە، لەوانە محەمەد حەلبووسی سەرۆكى پەرلەمانیان بە دەستى دەرەكى تۆمەتبار كرد. دواتر داواى گرتنى جەمال كەربوولیان كرد كە سەركردەیەكى سوننەیە، بەهۆى ئەوەى كەناڵەكەى گۆرانى لە رۆژى عاشوورا پەخش كردووە، دواجاریش لەلایەن شیعەكانەوە كەناڵى دیجلە بەهۆى ئەو هاندانەوە سوتێنرا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com