یونادم كەنا ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو لیژنەیەى لە لایەن مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراقەوە پێكهاتووە، بەدواداچوون بۆ گەندەڵى بەرپرسانى پلەى باڵا حزبەكان دەكات.
یونادم كەنا لێدوانى بۆ ماڵپەڕى بەغداد تودەى داوە و باسى لەوە كردووە، وەك تێبینى دەكرێ لە بابەتى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى ئەو حكوومەتەى عێراق لە حكوومەتەكانى پێشووتر جددیتر بێت.
كەنا دەڵێ، لەوە دەچێ ئەو لیژنەیەى بەم دواییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى دانراوە، كارى بە داوادچوون بێت لەسەر دۆسیە گەورەكانى گەندەڵى و مەبەستى هەندێك بەرپرسى باڵاى حزبەكان بێت.
جگە لەمەیش ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، عێراق زۆرترین دامەزراوەى چاودێریى هەیە، كەچى گەندەڵى تێیدا بەربڵاوە. دواتر دەڵێ چوار دۆسیەى لەلایەن لیژنەكەوە تاوتوێى دەكرێن، پارەى بەرپرسان كە رەوانەى دەرەوەى عێراق كراوە، فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ، دیارنەمانى داهاتى خاڵە سنوورییەكان، داهاتى بەندەرەكان.
رۆژى یەكشەمى رابردوو مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق لیژنەیەكى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى پێكهێنا، كە راستەوخۆ سەر بە نووسینگەكەى ئەوە، بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا لیژنەكە دەست بە كارەكانى بكات.