جیاوازییەکانی نێوان هەردوو سیستەمی بودجە دەخرێتەڕوو

0

ئەسعەد مورادی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سیستەمی بودجەی سێ ساڵی تەنیا بۆ ئەوەیە بەرچاوڕوونی حکومەت لەسەر بودجە، بۆ سێ ساڵ بێت لە جیاتی ساڵێک.

شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی سێ ساڵی داھاتووی عێراق لە بەغدایە شاندەکەش لە ھەردوو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان پێکدێن.

لەوبارەیەوە زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرۆكایەتی شاندی هەرێمی كوردستان دەكات لەو كۆبونەوانەدا، رایگەیاندووە “ئامانجی ئەوان لە بەشداریكردن لەو كۆبونەوانەدا، جێكردنەوە و جێگیركردنی پێداویستییە تەكنیكی و هونەرییەكانی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی ساڵانی داهاتوی عیراقدا”. دەشڵێت “لە كۆبونەوەی رۆژی یەكەمی لیژنەكەدا، خەمڵاندن بۆ نرخی نەوت كرا، بۆ بودجەی ساڵی 2021 نرخی بەرمیلێك نەوت بە 43 دۆلار دانراو بۆ بودجەی ساڵەكانی 2022 و 2023 نرخی نەوت بە 46 دۆلار جێگیركرا”.

بریكاری وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی هەرێم گوتووشیەتی، لە كۆبونەوەكەدا شاندی هەرێم داوایكردوە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدرێت بودجەی بەكاربردن كەمبكرێتەوە و لە بەرانبەردا، بودجەی وەبەرهێنان زیادبكرێت، بەڵام زیادكردنەكە بۆ وەبەرهێنان بەكردار سەرف بكرێت وەك ساڵانی رابردوو نەبێت، كە رێژەی بودجەی وەبەرهێنان دادەنرا، بەڵام سەرف نەدەكرا.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی گۆڕینی سیستەمی بودجە، رایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانانی بودجەی گشتی عێراق، ئەو سیستەمەش نوێ نییە و لە ساڵی 2019 کاری لەسەر کراوە کە لە ”الموازنة بنوتة” -ەوە بیگۆڕن بۆ ”الموازنة البرامج والأداء”.

لە بارەی جیاوازی ئەو دوو سیستەمە بودجەیە جەمال کۆچەر گوتی، پێشتر خشتەیەکی جێگیر هەبوو بۆ چەند ساڵێک و تەنیا ژمارەکان دەگۆڕدرا کە ناوی وەزارەتەکان دەنوسرا و پارەکەی دیاری دەکرا دەنوسرا. بەڵام ئێستا دەگۆڕێت بۆ پڕۆژە، بۆ نمونە بۆ هەر وەزارەتێک دەبێ دیاری بکرێت بودجەکەی بۆ چ پرۆژەیەکە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارای ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو یاسایە لیژنەی دارایی دایڕشتووە نەک بانکی نێودەوڵەتی یان هەر ناوەندێکی دیکەی نێودەوڵەتی. دەشڵێت، ئەو پلانی سێ ساڵە لە بودجە بۆ ئەوەیە حکومەت بەرچاوی روون بێت و پالن بۆ سێ ساڵ دابڕێژێت.

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشدا، کە حکومەت پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەکەی دەنێرێت بۆ پەرلەمان هی ساڵەکانی 2021 تاکو 2023، پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات و حکومەت پابەندە بە بودجەی 2021 و دوو ساڵەکەی دیکەش پێشنیار کراوە و حکومەت بۆ سالی 2022 و هەروەها بۆ 2023، دەتوانێت جارێکی دیکە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری تێدا بکات و زیاد و کەمی تێدا بکات. تەنیا بۆ ئەوەیە بەرچاوڕوونی حکومەت بۆ سێ ساڵ بێت لەسەر بودجە لە جیاتی ساڵێک.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com