ئەسعەد مورادی
بەرپرسێکی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، هاتوچۆنی داعش لە موسڵەوە بۆ سوریا بەردەوامەوە و هۆکارەکەشی هەڵسوکەوتی هەڵەی حەشدی شەعبیە لەناوچەکە.
خەڵکی ناوچەی موسڵ و دەورووبەری بە تایبەت کورد، بە هەموو ئایینێکەوە بووبێت، بە هاتنی داعش بۆ ئەوە ناوچەیە زیانمەندی سەرەکی بوون و وەک ئەوەی لە مانگی ٦-ی ٢٠١٤ داعش بەهۆی بێ توانایی سوپای عێراقەوە دەستی بە سەر ئەو ناوچانەدا گرت، تاکو ئێستاش بەشێی زۆری کورد نەیتوانیوە بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆی، چونکە حەشدی شەعبیش زۆرجار هەمان رۆڵی داعش دەگێڕێت لەناوچەکە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤-ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی هەڵسوکەوتی حەشدی شەعبی و جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچەیە رایگەیاند: داعش لە ناوچەکانی دەورووبەری موسڵ و هێڵێکی سنوورییشیان دروست کردووە لە موسڵ لە ناوچەی گەیارە، شرگات، حەزەر و تادەگاتە سنووری سوریا، لەوێوە دێنە ناو عێراق و دەگەڕێنەوە. هیچ سنوورێ بۆ تیرۆرستانی داعش دانەنراوە.
سەعید مەمۆزینی دەشڵێت، مانەوە و جموجۆڵی داعش هەمووی بە هۆی کارە نایاسییەکانی حەشدی شەعبییەوەیە، چونکە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئازار و تەنانەت ئەشکەنجەی خەڵکی دەدەن. گوتیشی ”هەر ئەمڕۆ بە وێنە لامە کە کوردێکی شەبەکیان گرتووە و ئەشکەنجەی دەدەن لەبەر ئەوەی لایەنگری لە پارتی دەکات”.
لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ رێگری کردن لە ئەشکەنجەدانی لایەنگرانیان لە لایەن حەشدەوە ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی ”ئێمە هەلوێستمان دەبێ بەڵام بەشێوەیەک کە دووبارە ئازار بەوان نەگات لەلایەن ئەو چەدارانەوە، چونکە خۆیان دەڵێن ئەگەر بێتو بە ئاشکرا قسەمان لەسەر بکەن، زیاتر ئازارمان دەدەن، بۆیە لەسەر داوای خۆیان بەشێوەیەکی دیکە هەڵوێستی خۆمان دەگەیەنین بە لایەنی بەرپرس.
مەمۆزینی ئاماژەی بەوەشدا کە چەکدارانی حەشدی شەعبی، هەمان کاری چەکدارانی داعش ئەنجام دەدەن، وەک ئازاردانی خەڵک، پارە ڵێوەرگرتن، کوشتن.