هێڵە گشتییەکانی بودجەی سێ ساڵی عێراق دیاری دەکرێت

0

نوچەنێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دیاریکردنی ستراتیژی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بنەمایەکی باش دەبێت بۆ سەقامگیربوونی ئابووری عێراق.   

بڕیارە حكومەتی عیراق ستراتیژی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو دابڕێژێت، بۆ ئەوە مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای دانان و رێكخستنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عیراق بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتووی 2021 و 2022 و 2023 دیاری کردووە، هاوکات شاندێكی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدان بۆ بەشداریکردن لە دیاریکردنی ستراتیژی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دانانی ستراتیژی بودجەی سێ ساڵی داهاتوی عێراق، ڕایگەیاند: ئەم ستراتیژیەتی بودجەیە ساڵانە بەپێی زیاد و کەمی داهاتی بودجەی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لەم ستراتیژەدا هێڵە گشتییەکانی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو دیاری دەکرێت، ئەمەش بنەمایەکی باش دەبێت بۆ سەقامگیربوونی ئابووری عێراق، بەو پێیەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەزانێت لە پرسی بودجەدا چی دەکات”.   

شێروان میرزا گوتیشی “خەمڵادنی نرخی نەوت بۆ سێ ساڵی داهاتوو شتێکی واقعی نییە، بەڵام کۆمەڵێک شارەزا لە وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەن، کە ساڵانە بەپێی داتاکانی کڕین و فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و ئەو لێکەوتانەی لە بازاری نەوتدا هەیە، نرخی نەوت دەخەمڵێنن”. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی “بە نمونە ئەو کەسە شارەازیانەی لە وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەن، ئەوەی لە 2019 کردیان بۆ نرخی نەوت پێشبینییەکی زۆر باشبوو، کە یەک بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێنرابوو، عێراق لەو ساڵەدا تەنها یەک مانگ نەوتی بە لە خوار 56 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام ئێستا کە دۆخی کۆرۆنا لە ئارادایە، پێشبینی ناکرێت ئایا بۆ ساڵێک یان سێ ساڵی دیکە نرخی نەوت چۆن دەبێت”.   

لە بارەی گرنگی بەشداری هەرێم لە دیاری کردنی ئەو ستراتیژەدا، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند “گرنگە هەرێمی کوردستان بەشدار بێت، چونکە ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ دانانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق و زیاتریش”. دەشلێت “ئەگەر هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە بەشدار بێت لەو ستراتیژە و جێ دەستی دیار بێت باشترە، ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا ئاسانتر لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن، ئەوکاتە لە هێڵە گشتییەکانی ستراتیژیەتی بودجەی عێراق شتێک نابێت، لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبێت، بۆیە لەئێستاوە وەفدی هەرێم بەشدارە و  داکۆکی لە شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com