ئەسعەد مورادی
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، رەتکردنەوەی پێشنیاری لێپرسینەوە لە حکومەت بەهۆکاری گرفتی یاساییەوە بووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی كوردستان، لە سێ تەوەری سەرەكی پێكدێت، تەوەری یەكەم؛ تایبەت دەبێت بە دەستپێكردنی خولی پاییزە و پلان و بەرنامەڕێژی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەو خولەدا. تەوەری دووەم؛ لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵ دەكرێت، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و رەوانەی پەرلەمان كراوە و لە تەوەری سێیەمیشدا؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای ماف و ئەركی نەخۆش دەكرێت لە هەرێمی كوردستاندا.
یاداشتی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی لە كارنامەی دانیشتنی دەستپێكی وەرزی پاییزەی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكی یاسایی و پەیڕەوی لە ئاراستەكردن و داڕشتنی یاداشتەكەدا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یاداشتەكەیان بەهۆی گرفتی یاساییەوە رەتكردوەتەوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، روبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی رەتکردنەوەی پێشنیاری ٢٤ ئەندامی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە حکومەت، روبینا تیاری رایگەیاند: بانگهێشتکردن بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆک وەزیران و ستافی حکومەتەکەی بە رێگایەکی یاسایی دەبێ، کە لەنێو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا نووسراوە. بۆیە ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبەر نایاسایی بوونی داوای ئەو ئەندامانە، داواکەیانی رەتکردەوە و رێگاشی پێشانیان داوە کە بو جارێکی دیکە دەبێ به پێی ماددەی پەيڕەوى ناوخو، ماددەی (٥٨) باسى كۆمەڵێک مەرجی کردووە و له ماددەى (٥٩) پێوسته هەموو ئەو خاڵە ياسايىانەی تيدا بێت.
پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی ساڵی یەكەمی تەمەنی ئەم خولەیدا، 65 پرۆژە و بڕیار و پێشنیازە یاسای تاووتوێ كردوە، لەو ژمارەیە 10 پێشنیاز و پرۆژە و بڕیاریان پەسەندكراون، پێنج-یان بەپێی بڕیار و یاسا پەسەندكراوەكانی پێشتر چارەسەركراون، 12 پرۆژە و پێشنیازیشیان لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیران رەتكراونەتەوە.
ئێستا 38 پێشنیاز و پرۆژەیاسا لەبەردەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا ماوە كە لەم خولە كاری لەسەر بكەن، 21 پێشنیاز و پرۆژەیان پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و خەرجی هەیە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە دابینكردنی بدات، 10 پێشنیاز و پرۆژە لای لیژنەی یاساییە و تا ئێستا بڕیار نەدراوە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت، حەوت پێشنیاز و پرۆژەشیان ئەوانەن كە لەژێر پرۆسەی تەشریعیدان و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەكان كراوە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەتمەند بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.
