ئەمڕۆ وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، بە فەرمانى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق و بە سەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ چەك لەو هۆزانە دەسەنرێتەوە كە لە ناوچەكانیان شەڕى هۆزگەرى هەڵگیرساوە.
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باسى لە دیاردەى چەكداركردنى هۆزەكان لە عێراق كردووە و دەڵێ، كازمى دەیەوێ چەكیان دابماڵێ.
خالید محنا گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆ لەسەر ئەو هەنگاوەى كازمى لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى كە لە شەرق ئەوسەت بڵاوكراوەتەوە گوتوویەتى، “فەرمانەكە لە فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكانەوە دەرچووە و بە سەرپەرشتى و چاودێرى وەزیرى ناوخۆ كارى لەسەر دەكرێت، دەست دەكرێ بە پرۆسەیەكى فراوانى لەو ناوچانەى كێشەى هۆزگەرییان تێدایە، بۆئەوەى دەست بەسەر چەكەكانیان دابگرین كە بریتیین لە چەكى سووك و مامناوەند”.
دواتر دووپاتیشى دەكاتەوە حكوومەت دەیەوێ سنوورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێ. گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆ دەشڵێ، “شەڕى هۆزەكان بە یەكێك لە كێشە مەترسیدارەكانى عێراق دادەنرێت كە هەڕەشە لە ئاسایشى وڵات دەكات”.
رۆژى هەینى رابردوو شەڕێكى گەورەى هۆزگەرى لە بەغدا لە ناوچەى حوسەینیەى مەعامل روویدا و تا رۆژى دواتر بەردەوام بوو، تەنانەت باس لەوە دەكرا مووشەكیش لەشەڕەكە بەكارهاتووە.