ئەسعەد مورادی
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێت، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین لیستی ڕیزبەندی نوێی موچەخۆرانمان بۆ بنێرێت.
بەهۆی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و کێشەی میلیشیاکان و گەندەڵی و بە هەدەر دانی سامانی وڵات، لە عێراقێکی دەوڵەمەند، ئابووریەکەی گەیشتووەتە ئاستێک بە ئاسانی ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئایا حکومەتی عێراق سەرەڕای قەرزی دەرەکی و نێوخۆیی توانای دابین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەیە یان نا.
بۆیە لە ئێستادا بابەتی دامەزراندن و زیادکردنی موچەی فەرمانبەران وەک مەحاڵ چاوی لێدەکرێت و قەرزە کەڵەکەبووەکان و کێشە بەردەوامەکان هەمیشە ئەگەری مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت. هەروەها بڕیاری چاکسازی کە لەلایەن حکومەتەکەی کازمییەوە دراوە، ئەگەر لێگری و لەمپەری بۆ دروست نەکرێت، لەوانەیە بتوانێت دۆخی خراپی ئابوری بگۆڕێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ڕیزبەندی نوێی موچەی فەرمانبەران و زیادكردنی رایگەیاند: دۆخی دارایی عێراق بە هیچ شێوەیەك نە بۆ ئەمساڵ و نە بۆ ساڵی داهاتووش، بەرگەی هیچ زیادكردنێكی موچەی فەرمانبەران ناگرێت. هەروەها لیژنەی دارایی پەرلەمان چاوەڕێی حكومەتە ڕیزبەندی موچەی نوێیان بۆ بنێرێت، تا گفتوگۆی لەسەر بكەن و دواتر بیخەنە دەنگدانەوە.
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە كە ئەگەر ڕیزبەندیی نوێی موچە دەستكاریش بكرێت، بە هیچ شێوەیەك زیادكردنی موچە ناگرێتەوە، چونكە دارایی وڵاتەكە بەرگە ناگرێت.