نوچە
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، لە هەولێر و سلێمانی، نزیکەی دوو هەزار کەس کە هەڵگری کۆرۆنا بون، پلازمایان بەخشیوە، کەچی لە دهۆک 20 چاکبوەوەی ئەو ڤایرۆسە سەردانی نەخۆشخانەیان کردوە بۆ بەخشینی پلازما.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاندووە، بەخشینی پلازما وەک خێرێکە لەبەرامبەر بەخشینەوەی ژیان بەکەسێکی دیکە، هەر کەسێک لە رێگەی بەخشینی پلازماوە ببێتە هۆکار بۆ چاکبوونەوەی توشبوویەکی کۆرۆنا خێرێکی زۆری دەگات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە هەولێر و سلێمانی نزیکەی دوو هەزار توشبووی کۆرۆنا کە چاکبوونەتەوە، پلازماکەیان بەخشیوە بەو کەسانەی تازە توشی ئەو ڤایرۆسە بوون، بەڵام لە دهۆک تەنها 20 کەس پلازمایان بەخشیوە.
تەندروستی دهۆک باسی لەوەشکردووە، گەلی دهۆک بە درێژایی مێژوو نمونەی مەردایەتی و جوامێری بوون، هیواخوازیشین توشبووانی کۆرۆنا بەهەمان رێگەدا بەرەو نەخۆشخانەکان بڕۆن و وڵات رزگار بکەن و پێکەوە پلازما ببەخشن و بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە ببنەوە.