سەنتەرى بڕۆكینگزى ئەمریكى بۆ توێژینەوە سیاسیەكان لە راپۆرتێكدا دەڵێ، ساڵى 2020 بە سەلامەتترین ساڵ دادەنرێت لەدواى رووخانى رژێمى بەعسەوە لە عێراق.
ماڵپەڕى حوڕەى ئەمریكى بەشێك لە زانیارییەكانى راپۆرتەكەى بڵاوكردووەتەوە، تێیدا دووپات لەسەر ئەوە كراوە هەڵسەنگاندنى بارودۆخى عێراق بە چەند پێوەرێك بووە. لەوانە ژمارەى مردنى خەڵكى سڤیل، داهاتى نەتەوەیى، رێژەى هەستكردن بە سەلامەتى لەنێوان سوننە و شیعە، ژمارەى ئاوارەى ناوخۆ و ژمارەى سەربازان.
رۆبێرت گۆلۆپ و مایكل ئۆهانلۆن دوو توێژەرن سەرپەرشتى ئامادەكردنى توێژینەوەكان كردووە و دەڵێن هێشتا عێراق ناسەقامگیرە، بەڵام بەگوێرەى ئەو ئاماژانەى سەرە بە بەرارود بە رابردوو، بارودۆخى باشترە.
لە پێشەكى توێژینەوەكەیش هاتووە، “عێراق بووەتە دەوڵەتێكى خاوەن داهاتى مامناوەند، كوالێتى ژیان بەم دواییە بەرزتر بووەتەوە، هەرچەندە گەندەڵى بەربڵاوە و هەلى كار بۆ گەنجان دەگمەنە و فشارى تایفەگەرى هەیە كە زۆرجار ئێران هانى دەدات”.
دواتر بەشێكى داتاكانى راپۆرتەكە بەمشێوەیە بڵاوكراوەتەوە:
ژمارەى كوژرانى خەڵكى مەدەنى بە توندوتیژى: 384 حاڵەت لە 2020 كەچى لە 2006 دا 29 هەزار و 526 كەس كوژران.
هەستكردن بە سەلامەتى وئاسایش لە ساڵى 2018 بە دواوەوە گەیشتووەتە 88% لەلاى شیعە و سوننەوە، كەچى لە ساڵى 3004 سوننە 10% هەستیان بەسەلامەتى دەكرد و شیعەیش 77%.
لە بەشێكى ترى راپۆرتەكە باس لەوە كراوە، تا ساڵى 2014 رێژەى ئەو كەسانەى كە داوایان دەكرد شەریعەتى ئیسلام سەرچاوەى یاسادانان بێت، لە نێو كورد 81% و لە نێو سوننە 82% و لە نێو شیعە 85% بوو. كەچى لە 2018 وە ئەم رێژەیە كەم بووەتەوە و بەم شێوەیەیە لە نێو كورد 37% لە نێو سوننە 18% و لە نێو شیعە 23%.