لە هەنگاوێكى چاوەڕواننەكراو بانكى ناوەندى عێراق بڕیارى بلۆككردنى سامانى نۆ بەرپرسى پێشوو وئێستاى دەركرد، كە زۆربەیان نزیك لە نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى پێشووترن. سەرچاوە بەرپرسەكانیش لە عێراق دەڵێن ئەمە یەكەم زەبرى كازمییە بۆ مالیكى.
بانكى ناوەندى عێراق بڕیارى دا سامانى چەند بەرپرسێكى عێراقى بلۆك بكات، لەوانە یاسر سخیل كە زاواى نوورى مالیكییە و لەگەڵ لوقمانى براى، جگە لەمەیش عەقیل تریحى كە پێشتر پارێزگارى كەربەلا بووە و لەگەڵ زوهیر ئەعرەجى كە پەرلەمانتارە و حاچم حەسەنى سەرۆكى پێشووترى ئەنجوومەنى نوێنەران.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ئەمڕۆ لە رۆژنامەى “عەرەب” بڵاوكراونەتەوە، زۆربەى ئەو بەرپرسانە كەسانى نزیكن لە نوورى مالیكى، گومانی ئەوەیش هەیە مالیكى لە ترسى چارەنووسى سیاسى خۆى سامانەكانى بە ناوى ئەوانەوە كردبێ.
رۆژنامەى عەرەب دەڵێ سەرۆك وەزیرانى عێراق لە شەڕەكەى لەگەڵ گەندەڵى بە پێگەى نزیك لە نوورى مالیكى دەستى پێكردووە، بێئەوەى بە ئاشكرا بەر یەكتر بكەون، چونكە وەك چاودێرانى سیاسى دەڵێن رووبەڕووبوونەوە ئەستەمە چونكە مالیكى بە بازنەى بەرپرسانى گەندەڵى و تۆڕى پەیوەندى ئاڵۆز دەورى خۆى داوە.
لەگەڵئەوەشدا سەرچاوەكان بە رۆژنامەكەیان گوتووە، زەبرەكەى كازمى لە پێكانى ئامانجەكەى هەڵەى نەكردووە، هەرچەندە راستەوخۆ بەرەو رووى مالیكى نەچووە، بەڵام ویستوویەتى پەیامی ئەوە بە مالیكى بدات كە پێگەى زۆر سەلامەت نییە وەك تێیگەیشتووە.