ئەسعەد مورادی
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، نوسینگه‌ى دووه‌مى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووانى شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش له شنگال دەکرێتەوە.
رێکخراوی تیرۆرستی داعش، لەو کاتەوە دەستی بە چالاکی کرد بەتایبەتی لە ساڵانی ٢٠١٤ تاکو ٢٠١٨ زۆرترین تاوانی ئەنجام دا و بە دەیان هەزار کەس کوژراو و بێسەرو شوێن و ئاوارە بوون. دیارترینیان هێرشی ئە‌و رێکخراوەیە توندڕەوە ئیسلامییە بوو بۆ سەر قەزای شنگال، بەمەبەستی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە رۆژی ٣-٨-٢٠١٤.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە د. خالیده خه‌لیل، ئه‌ندامى لیژنه‌ى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کردنەوەی نوسینگەیەک بۆ زیانمەندانی شەڕی داعش راگەیاند: به هه‌وڵ و پشتیوانی پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، حه‌فته‌ى ڕابردوو نووسینگه‌ى شێخان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووان كرایه‌وه و ئێستاش ڕه‌زامه‌ندى دراوه بۆ ئه‌وه‌ى نووسینگه‌ى دووه‌مى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووانى شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش له شنگال بکرێتەوە؛ بڕیار وایه دواى ته‌واوكردنى ڕێكاره‌كانى نووسینگه‌كه له‌م هەفتەیە لە ڕۆژى سێشه‌ممه بکرێتەوە.
خالیده خه‌لیل دەڵێت “دواى كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌كه ڕاسته‌وخۆ ده‌ست ده‌كرێت به وه‌رگرتنى مامه‌ڵه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له شه‌ڕى داعش زیانیان پێگەیشتووە، (شه‌هید، یان بریندار، یاخود بێسه‌روشوێن، یانیش ئه‌وانه‌ى خانوویان زیانى پێ كه‌وتووه)، دواتر مامه‌ڵه‌كان ده‌چێته لاى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه، دواتر ڕه‌وانه‌ى موسڵ ده‌كرێت تاوه‌كو قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه كه تا ٣٠ ملیۆن دینار قه‌ره‌بوو له موسڵ ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه زیاتر بێت، ئه‌وا مامه‌ڵه‌كه ڕه‌وانه‌ى به‌غدا ده‌كرێت و له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌واندایه”.
له‌باره‌ى گرنگی كردنه‌وه‌ى نوسینگه‌كه بۆ هاونیشتیمانیانی شنگال، خالیدە خەلیل گوتى “شه‌ش ساڵه ئه‌و خه‌ڵكه له سنوورى مادده‌ى ١٤٠ و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم قه‌ره‌بوو نه‌كراونەتەوە، له كاتێكدا له عێراق زۆربه‌یان قه‌ره‌بوو كراونەتەوە، بۆیه گرنگ بوو بۆ خه‌ڵكى ئێمه هه‌وڵ بدرێت ئه‌و نووسینگه‌یه بکرێتەوە، تاوه‌كو به ڕێكارى یاسایى خه‌ڵكى ئێمه‌ش قه‌ره‌بوو بكرێنەوە”.
ئە‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و كۆچ و كۆچبه‌ران لە ئەنجومەنی نوێنەران ده‌شڵێت “وه‌كو نوێنه‌رى خه‌ڵكى خۆمان له چاودێریكردنى پرۆسه‌كه به‌رده‌وام ده‌بین تاوه‌كو قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه، چونكه مافى خۆیانه بێنه قه‌ره‌بووكردنەوە”.