چەند ماڵپەڕێكى عەرەبى بڵاویان كردووەتەوە، هێزێكى سەربازى سعوودی لە بنكەى تاجى عێراقەوە بەرەو شەدادى پارێزگاى حەسەكەى رۆژئاواى كوردستان چووە، عێراقیش بە فەرمى رەتى دەكەنەوە.
چەند ماڵپەڕێكى عەرەبى و ئێرانى بڵاویان كردووەتەوە، هێزێكى سعوودی گەیشتووەتە ناوچەى شەدادى لە پارێزگاى حەسەكەى رۆژئاواى كوردستان و سووریا.
ئەو ماڵپەڕانە گوتوویانە ئەو هێزە لە نزیكەى 20 سەربازى سعوودیە پێكهاتووە، لە بنكەى تاجى باكورى بەغدا بە یاوەرى هێزەكانى ئەمریكا بەرەو حەسەكە رۆیشتوون.
ئەو هەواڵەیش بەشێك لە عێراقییەكانى نیگەران كردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایى دەردەبڕن و دەپرسن: هێزەكانى سعوودیە لە عێرا ق چى دەكات؟
تەحسین خەفاجى گوتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانى عێراق لە لێدوانێكى فەرمى كە لە ماڵپەڕى “حوڕە” بڵاوكراوەتەوە، رەتى كردووەتەوە هیچ سەربازێكى سعوودی لە بنكەى تاجى و عێراق هەبوو بێ و دووپاتى دەكاتەوە تەواوى ئەو سەربازانەى ئێستا لە بنكەكەن سەربازى عێراقین.
بنكەى تاجى چەند جارێك لە لایەن میلیشیاكانى ئێرانەوە هێرشى كراوەتە سەر، چونكە هێزەكانى هاوپەیمانى تێدا جێگیر كرا بوو. بەڵام هەفتەى رابردوو ئەمریكا هێزەكانى تێدا كشاندەوە.