حزبی بچووک و شەڕێکی گەورە

0

ئەسعەد مورادی

پرۆژە ياساى نوێى هەڵبژاردن، دوای مشتومڕى لايەنەكان، لە رۆژی ٢٤-١٢-٢٠١٩، لە دانشتنێكى ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەى بۆكرا و خرايە دەنگدانەوە.
ئەو پرۆژە ياسايەى، كە فراكسيۆنە كورديیەكان دژی بوون دانيشتنەكەيان بايكۆت كرد هەربۆيە لە كۆى ٣٢٩ ئەندام ١٨٤ پەرلەمەنتار ئامادەى دانشتنەكە بوون و پرۆژە ياساكە بە زۆرينەى دەنگ پەسەندكرا.

فراكسيۆنە كورديیەكان، نارەزايەتييەكانيان لە رێگەى نووسراوێكى هاوبەشەوە بڵاوكردەوە و تێدا رايانگەياند، كە لە نێو پرۆژە ياساكەدا داواكارى كورد بە هەند وەرنەگیراوە، بە تايبەتى لە ماددەكانى ١٥ و ١٦ى پرۆژە ياساكەدا.

بە گوێرەى ماددەى ١٥ى پرۆژە ياساكە ناوەندەكانى هەلبژاردن لە بازنەى شارۆچكەكان دياريدەكرێن و ئەو كەسەى لە هەر شارۆچكەيەك زۆرترين دەنگ بهێنێت دەبێتە ئەندام پەرلەمان، ماددەى ١٦ش، كە بە دڵى كورد نييە، كۆتاى ژنانە كە كراوە بە ٢٥%.

بەپێی ماددەی ١٥ ی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی ئەنجام دانی هەڵبژاردن پشت بە کاندیدی تاک و فرە بازنەیی بچوک  دەبەسترێت ، بازنەکان لە پارێزگاکانەوە بچوک کراونەتەوە بۆ قەزاکان و کاندیدەکانیش بە فەردی دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە  واتا لە هەر قەزایەک ئەگەر ڕێژەی دەنگدەر ١٠٠ هەزار کەس بوو  کاندیدەکان بە شێوەی تاک دەچنە کێبەرکێی هەڵبژاردن لە دەرەوەی لیست  ، ئەم شێوازەش ڕێخۆشکەرە تا خەڵکی ناوچەکان کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن و حزبەکانیش لە بەر چڕ بوونەوەی ململانێی کاندیدەکان ناچار دەبن  کەسانی شایستە و شیاو بخەنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق محمەمەد حەلبوسى، هەر ئەو کات رايگەياند، كە ئەو پرۆژە ياسايەيان لەسەر داواكارييەكانى خۆپيشاندەران ئامادەكردووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانەوە راگەیاند: یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک کەموکورتی تێدایە، کە لە ماوەی ڕابردوو جگە لە کورد، زۆرێک فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دا، لەوانە لە ٤٥ بنکەی ھەڵبژاردن ڕەچاوی سیستەمی کۆتای ئافرەتان نەکراوە بەھۆی ئەوەی، کە بە سەد ھەزار ھاوڵاتی دەبێت یەک نوێنەری ھەبێت، ئەویش لە ڕەگەزی نێر بێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە قەزاکان ژمارەیان ناگاتە ئەو ڕێژەیە”.

مەیادە نەجاڕ دەشڵێت “بەدەر لەوەش ھەندێ قەزا ھەیە ژمارەیان لە سەد ھەزار کەس کەمترە و ھەندێکیش لەو ژمارەیە زیاترە لە کاتێکدا بە سەد ھەزار کەس نوینەڕێکیان دەبێت و ئەوەش ناڕوونە، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە ئایا قەزاکان لێکبدرێن و نوێنەرەکە ھی کام نەتەوەیە بێت”.

”حزبە بچووکەکان
لە هەڵبژاردن
شکست دەهێنن”

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەش کرد، کە وەک فراکسۆنی پارتی هەر ئەو کات ڕەخنەیان لە یاساکە گرتووە و تێبینیی خۆیان داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەھەند وەرنەگیراوە، بەڵام لە ئێستادا ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی تێدا بکرێت، چونکە ئێستا زۆرێک لە فراکسیۆنەکان ھەست بە کەموکورتی ئەو یاسایە دەکەن”.

هەڵوێست میرانی، پارێزەر لەم بارەیەوە نوسیویەتی، پەیڕەوکردنی ئەم  شێوازی هەڵبژاردنە و جێکەوت کردنی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گونجاوە و لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی یەکانگیرە و خەڵکیش بە دیاریکراوی کاندیدی دڵخوازی خۆی لە قەزاکەی خۆی هەڵدەبژێرێ. سەبارەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لایەنە کوردستانیەکان دەتوانن لەو ناوچانە یەک دەنگ بن و لە ڕێگای لیستی هاوبەشەوە بچنە مونافەسەی هەڵبژاردن ، ئەویش لە ڕێگای ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ڕێککەوتنی لایەنەکان کوردستانیەکان  بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم واژۆیان کردووە کە خۆی لە لیستی کوردستانی بینیەوە. 

میرانی ئاماژە بەوەوەش دەدات، کە ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی حزبە بچووکەکان نییە و بە پێی مادەی ١٥، بە هۆی قورسی سەنگی جەماوەری حزبە گەورەکان، حزبە بچووکەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن شکست دەهێنن، بۆیە دەنگی ناڕەزایی حزبە کوردییە بچووکەکان بەرزە لە ئاست تێپەڕاندنی ئەو یاسایە. بەڵام ئەوانیش دەتوانن لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتێک بچنە ململانێی حزبە گەورەکان. 

میرانی پێیوایە، سیستەمی فرە بازنەیی و کاندیدی فەردی سیستەمێکی گونجاوە و دەرگاش دەکاتەوە بۆ کاندیدانی سەربەخۆ و دەرەوەی حزب بۆ ئەوەی بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە. 

خەسرەو گۆران: “پارتی لەبەر یەكڕێزی كورد بایكۆتی دەنگدانی كردووە بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان”

د. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە نوچەی گوت، چاوەڕوانکراوە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ناڕەزایی لەسەرە، یەکێک بێت لە کارە لەپێشینەکانی دانیشتەکانی پەرلەمان، پێویستە پێش دانیشتنەکە لایەنەکان رێکبکەون، ئێستا جۆرێک لە نزیکبوونەوە هەیە و چەندین کۆبوونەوەی لێژنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بەو پرسە کراوە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنی لایەنەکان پێش دانیشتنەکە نەکرێت، ئەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە، هەموارکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبێت“.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لایەنەکان زۆریان گەیشتوونەتە قەناعەت، کە بازنەی هەڵبژاردن فراوانتر بێت، بەڵام هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندی حزبی خۆی شێوازی بازنەکانیان دەوێت.

بەهار مەحمود لەبارەی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان بازنەکان لە ئاستی پارێزگاکان بێت، چونکە بەوە دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، خسرەو گوران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاندوو، پلانی ئەوان ئەوە بووە، هەموو عیراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، یان هەر پارێزگایەک بازنەیک بێت واتا
۱٨ پارێزگاکەی عێراق بکرێت بە ۱٨ بازنەی هەڵبژاردن. بەڵام دواجار بەدڵی کورد نەبوو گۆڕا بۆ بازنەی قەزاکان.

خەسرەو گۆران دەشڵێت “فراكسیۆنی پارتی لەبەر یەكڕێزی كورد بایكۆتی دەنگدانی كردووە بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، چونكە كەمترین زیان لەو بابەتە دەكات بەراورد بە لایەنەكانی دیكە.

هەروەها عیراق كراوە بە ١٥٠ بازنەی هەڵبژاردن، كە لەبری بازنەی پارێزگاكان، قەزاكان كراون بە بازنەی هەڵبژاردن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com