بۆچی بەشداری عێراق لە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی گرنگە؟

0

نوچەنێت

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشداریکردنی عێراق لە لوتکەی سێقۆڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ عێراق زۆر گرنگە، بۆئەوەی لە جاران زیاتر کاریگەری خۆی هەبێت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە عەمانی پایتەختی ئوردن بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم (شای ئوردن) و سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی. لە کۆڕبەندەکەدا سەرنج دەخرێتە سەر هەماهەنگی ئابووری نێوان ئەو سێ وڵاتە و پرسی بازرگانیکردن و وەبەرهێنان تاوتوێدەکرێن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەشار کیکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە گرنگی بەشداری عێراق لە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، ڕایگەیاند”لوتکەی سێقۆڵی وڵاتانی عەرەبی (میسر، عێراق و ئوردن) زۆر گرنگە و بەشداریکردنی عێراقیش لەو لوتکەیەدا نیشانەی ئەوەیە عێراق دەیەوێت بەهێزی بوونی خۆی لە ناوچەکەدا بسەلمێنێت، میسر و ئوردن دوو دەوڵەتی زۆر گرنگن لەناوچەکە، هەرچەندە ئوردن وڵاتێکی بچوکە، بەڵام لە رووی پەیوەندییەوە زۆر بەهێزە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها میسریش دەوڵەتێکی بەهێز و گرنگی ناوچەکەیە”.

بەشار کیکی گوتیشی “بەشداریکردنی عێراق لەم لوتکەیەدا سەرەتایەکی نوێیە، بۆئەوەی بتوانێت دەربچێت لەو فشارانەی، کە لەلایەن وڵاتانی دەورووبەری لەسەریەتی، ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی بەهێزن، کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر عێراق، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەم کۆبوونەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی عێراق بەبێ بوونی کاریگەری تورکیا و ئێران لەسەری”. 

سەبارەت بە پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئوردن، پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی “پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئوردن لەڕووی ئابوورییەوە زۆر بەهێزە، ئوردنیش تاڕادەیەکی باش سودمەندە لەعێراق ئەمەش سەرتایەکی گرنگە بۆ دروستکردنی جۆرە هاوسەنگییەک”.  

ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات، وەک دیارە پەیوەندی نێوان تورکیا و میسر خراپە، بەشداری مستەفا کازمی لەو لوتکەیە رەنگە بۆئەوە بێت کازمی پەیامی هەبێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە و پێیان بڵێت، کە عێراقیش دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت و هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی، کە گرنگن لە ناوچەکەدا.     

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com