سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر پێدانی قەرز بە عێراق رەزامەندی دەربڕیوە

0

ئەسعەد مورادی

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە دوو مەرج قەرز بە عێراق دەدات و دەشڵێت ”کازمی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە”.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی قەرزی دەرەکی، بە نوچەی راگەیاند ”لە ساڵی ٢٠١٩-ەوە قەرزکردنی دەرەکی راگیراوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، رێگە بە حکومەت درا بڕی پێنج ملیار دۆلار لە بانکی نێدەوڵەتی قەرز بکات و هەروەها بڕی ١٥ ترلیۆن دیناریش لە بانکە ناوخۆییەکان قەرز بکات بۆ موچەی فەرمانبەران”.

ئەحمەد سەفار گوتیشی، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق ٣٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و قەرزە ناوخۆییەکانیش گەیشتوەتە ٥٠ تەلیۆن دینار. هەروەها حکومەتیش ناچار کراوە، کە بەرنامەی چاکسازی دارایی و ئابوری جێبەجێ بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی قەرز کردنی عێڕاق لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند: تا ئێستا بڕی ئەو پارەیەی عێراق دەیەوێ لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرزی بکات دیاری نەکراوە، بەڵام سندوقەکە ئامادەیی خۆی بۆ پێدانی بڕی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بە قەرز، راگەیاندووە.

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە دوو مەرج قەرز بە عێراق دەدات، کە ئەو دوو مەرجەش بریتی یەکەم/ ئەو پارەیەی عێراق بە قەرز وەری دەگرێت دەبێ بۆ پرۆژەی بونیاتنانی ژێرخان تەرخان بکرێت نەوەک موچە.
دووەم/ دەبێ عێراق کەشێکی ئەمنی و وەبەرهێنانی گونجاو بۆ دروستکردنی پرۆژە ژێرخانییەکان، دابین بکات.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، کە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ کریستالینا جۆرجیاڤا، بەڕێوەبەری گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com