ئەسعەد مورادی
ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، یاسای سەرمایەگوزاری لە عێراق هەموار کرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مافیاکانی ئەوە بوارە رێگرن. دەشڵێت ”لایەنە سیاسییەکان دەستیان بەسەر هەموو سێکتەرەکانی وەبەرهێناندا گرتووە”.
عێراق ساڵانێکە بەدەست لایەنە سیاسیەکانیییەوە دەناڵێنێت، چونکە لایەنەکان نەتەنیا دەستیان بە بەرژەوەندییە سیاسییە حزبییەکانی خۆیانەوە گرتووە، بەڵکو دەستیشیان بەسەر زۆربەی هەرەزۆری سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و داهاتی عێراقدا گرتووە و دۆخی ئابووری و هاوڵاتیانی عێراقیان گەیاندۆتە مەترسیدارترین ئاست، کە لە مێژووی عێراق نمونەی کەمە.
بەم سەردانەی کازمی بۆ ئەمریکا و دیداری گرنگ و رێککەوتن بە بڕی ٨ ملیار دۆلار، رێگە بۆ ئەگەری باڵادەستبوونی ئەمریکا لە عێراق فەراهەم دەکات و پێدەچێت لەو رێگەیەوە کازمی بتوانێت شەڕی یەکلاکەرەوە دژی گەندەڵی و دەستوەردانی میلیشیاکان بکات بە پشتیوانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە جۆن هانا، دامەزرێنەری ناوەندی بەرگری لە دیموکراسی (ئەمریکا) دەڵێت “کارکردن لەسەر دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران و سەردانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، هەوڵێکی نوێیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک کە وابکات لەو رێگەیەوە ئەمریکا سنوورێک بۆ کاریگەرییەکانی ئێران لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت”.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق رایگەیاند: دەبێ بزانین گفتوگۆکان بە جددیین یان تەنیا پڕۆپاگەندای هەڵبژاردن، بۆ هەلبژاردنی ترەمپ، ئەگەر بێتو ئەمریکا هاوکاری عێراق بکات دەبێ لەسەر ئەرزی واقع بخرێتەڕوو. لە بیرمان نەچێت ئێمە پێویستمان بە ئەمریکایە، بەتایبەت بۆ لایەنی ئەمنی. هەروەها هەموو دنیا دەزانێ زۆر دواکەوتووین لە سێکتەری خزمەتگوزاری، ئابووری، قەرزی دەرەوە و ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەشدا، کە یاسای سەرمایەگوزاری لە عێراق هەموار کرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مافیاکانی ئەوە بوارە رێگرن، ناتوانرێی لە رێگەی ئەو سەرمایە گوزارانەوە خزمەتگوزاری باش بگاتە هاوڵاتیان.
ئەشواق جاف دەشڵێت، هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەکەوێتە دوای ئەنجامی ئەم بانگهێشت و کۆبوونەوە و رێککەوتنانەی کازمی لە ئەمریکا کردی. دەری دەخات ئامانجی ئەمریکا چییە، کە پڕۆپاگەندایە یان لە راستیدا بەنیازی هاوکاری عێراقن.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، کە ئەگەر ئەمریکا لەسەر ئەرزی واقع هاوکاری عێراق بکات، هەندێک لایەن رێگر دەبن رێگر دەبن و چونکە مەسەلە بەرژەوەندییە ، چونکە ئەگەر ئەمریکییەکان جددی بن، هەنگاوێک دەبێت لە نەهێشتنی گەندەڵی. چونکە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستیان بەسەر هەموو سێکتەرەکانی وەبەرهێناندا لە عێراقدا گرتووە. بۆیە لەگەڵ هەولێکانی ئەمریکا جیاوازی بەرژەوەندی دەبێت و بەدڵنیاییەوە کێشەی بۆ دروست دەبێت.