دۆزی کورد لە هاوکێشەی سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

0

نوچەنێت

چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، سەقامگیری و ئەمنیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە هەیە لە ناوچەکەدا.       

شیعەکانی عێراق چاوەڕوانی ئەوەبوون، کە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتەواوەتی، لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی ئەمریکا و عێراق یەکلایی بکاتەوە و ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی یەکجاری بدات، بەڵام ئەمە پێچەوانە دەرچوو، ئەمریکا بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، ئەمەش ئەگەری کاردانەوەی هەیە و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئێستا لە کازمی تووڕەن.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاوە نادر، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سەقامگیر بوونی عێراق، ڕایگەیاند: عێراق خۆی قەیرانە و دروستبوونی عێراق هەر لەسەرەتاوە قەیران بووە، لەبەرئەوەی بەنا عەدالەتی و بەبێ خواست، بۆ پڕکردنەوەی کۆمەڵێک بەرژەوەندی ئەو کاتی ئینگیلز و سیستەمی سەرمایەداری دوورستبووە، بۆیە هەرگیز ناتوانرێت بە زەبری هێز عێراق بەشێوەیەکی سەقامگیر بەردەوام بێت، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت بتوانرێت، بەڵام دواتر سەقامگیرییەکەی تێکدەچێتەوە”.    

کاوە نادر گوتیشی “مادام پێکهاتەکانی عێراق توانایان هەیە گوزارشت لە حەقیقەتی خۆیان و داواکارییەکانی خۆیان بکەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق بە ئەمریکا، غەیری ئەمریکا و مستەفا کازمیش ناپارێزرێت، ئەوکاتە سەقامگیری و ئەمنیەتی عێراق دەپارێزرێت، کە ڕێز لە خواستەکانی پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت بەتایبەتی کورد، هەرکات ڕێزیان لە خواستەکانی کورد گرت، ئەو کاتە ئەمنیەت و سەقامگیری بۆ عێراقیەکان، خەڵکی کوردستان و ناوچەکەش بەگشتی بەرقەرار دەبێت”.   

هەروەها جەختیشیکردەوە و گوتی “پێویستە ئەوە بەهەند وەربگیرێت، کە سەقامگیری و ئەمنیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە هەیە لە ناوچەکەدا، چونکە دۆزی کورد لەئێستادا گەورەترین کیشەیە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەر ماوەتەوە”.   

کاوە نادر باسی لەوەشکرد “ئەمریکا ڕێگەی بە مستەفا کازمی داوە هێز لەبەرامبەر هێزە چەکدارە شیعەکان بەکاربهێنێت، ئەوکاتەش ئەو هێزانە کاردانەوەیان بەرامبەر کازمی دەبێتەوە، بۆیە من پێموایە کازمی ناتوانێت لەکارەکانی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەوە هەوڵی خۆی دەدات، ئەوەی دەبینرێت کازمیش بە حەزەرەوە هەنگاو دەنێت، ڕێگاکەی کازمی گرتوویەتی ڕێگایەکی ڕاستە، بەڵام ئەرکێکی قورسە لەسەر شانی”.    

کاوە نادر دەشلێت “ئەگەر شیعەکان بیانەوێت عێراقییەت بۆ وڵاتەکەیان بگێرنەوە، پێویستە ڕێز لەبڕیارەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگرن، بەڵام ڕاستیەک هەیە، ئەوەندەی ڕێز لە بڕیارەکانی خامنەئی دەگیرێت ڕێز لە بڕیارەکانی کازمی ناگیرێت، ئەوەندەی ڕێز لە بڕیارەکانی حەشدی شەعبی دەگیرێت ڕێز لەبڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ناگیرێت، کە خۆشیان هەڵیان بژاردووە”.                                                                  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com