نوچەنێت
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕوی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣-٨-٢٠٢٠، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری هەڵەبجە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
لەم پەیوەندییەدا، سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی، کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیان دا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و شارستانییانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.