نوچەنێت
بەرپرسی لقی دوانزەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێتی، شەوی رابردوو لە چوارلاوە هێرشکرایە سەر بارەگای لقمان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣-٨-٢٠٢٠، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە، ە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی هەڵەبجە و تەقەکردن لە بارەگای پارتی لەو شارە، رایگەیاند: ئێمە دەسەڵات و بەرپرس نین لەم شارە تا هێرشمان بکرێتەسەر.
بەسام عەلی دەڵێت: ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلای ئێمە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەنی سیاسی بووین لە شاری هەڵەبجە هێرشمان کرایە سەر. هێرش نەکرایە سەر هیچ لایەنێکی دیکە، لەکاتێکدا ئێمە ئەو بارەگایەین بەردەوام دەنگی هاووڵاتییانی ئەو سنوورەمان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیشە عاملی خێر بووین. پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لەدەستدا نییە، بەسام عەلی دەڵێت: هیچ هەڤاڵێکی ئێمە، ئێرە بەڕێوەنابەن و بەرپرس نین لە کوموکوڕییەکانی ئەو شارە، بۆیە بەلای ئێمەوە جێگەی سەرنج بوو، کە بۆچی هێرشەکان تەنیا بۆ سەر بارەگای لقی ١٢ـی پارتی بوون!.
بەسام عەلی، سوپاسی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەڵەبجە و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان دەکات، کە لەگەڵیان لەسەر خەتبوون، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزترنەبێت.