مستەفا چاوڕەش: هەمووان بەرپرسیارن لە ئاست هاوڵاتیان

0

شلێر سەعید

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، خەڵكێك خەریكە خۆی دەكات بە خاوەن میلەت، لەكاتێك ڕۆژێك لە ڕۆژان هیلاك نەبوون خزمەتێكیان بە كوردستان نەكردووە.

ماوەی چەند مانگێکە پارتی و یەکێتی هەوڵی دانیشتن و کۆبوونەوە دەدەن و زۆریش لە سیاسەتوانان پێیان وایە  هەرێمی کوردستان لە گەرمەی قەیرانەکاندان و پێویستە لە هەموو كاتێك زیاتر حزبەكانی دەسەڵاتدار هەماهەنگ بن،هاوكات رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی ھەیە، ئەویش رێککەوتنی کارنامەی کاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، هەمیشە لە هەوڵەکانی بەردەوامە و بە رۆڵی مێژوویی خۆی هەستاوە و نەیهێشتووە گرژی نێوان لایەنە سیاسییەکان زۆر تەشەنە بستێنێت و دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆیان کردۆتەوە و لە ئەنجامیشدا رێککەوتنی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان.  

 لە لێدوانێكی تایبەتدا لەبارەی كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و فەرماندەی هێزەکانی 70، بە نوچەی ڕاگەیاند: پێویستە بەردەوام كۆبوونەوەكان لە نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵات یەكێتی و پارتی هەبێت، بۆ ئەوەی كێشەكان تێپەڕێنن كۆبوونەوەی دەوری بكەن.

فەرماندەی هێزەکانی 70 گوتیشی، هەموو لایەك، كە لەو حكومەتە بەشدارن بەپێی پشكی خۆیان بەرپرسن لەم بارودۆخەی ئێستا و دەبێت هەموویان پێكەوە هەوڵی باشكردنی بار و گوزەرانی خەڵك بكەن. 

مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەشكرد، کە پێویستە زوو زوو یەكێتی و پارتی كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو هەموو قەیرانانەی هەیە لە هەرێمی كوردستان هەوڵبدەن چارەسەری باری بژێوی خەڵك بكەن و باسی موچە و تەندروستی و مامۆستایان بكەن، نەك كەسانی دیكە خۆیان بكەنە خاوەنی خەڵك.  

مستەفا چاوڕەش جەختی لەوەشكردەوە، كە پێویستە لە كۆبوونەوەكان باسی ئەوە بكەن، كە خەڵكێك خەریكە خۆی دەكات بە ساحێبی میلەت لەكاتێك ڕۆژێك لە ڕۆژان هیلاك نەبوون خزمەتێكیان بە كوردستان نەكردووە، كەچی خەریكە سواری شەپۆلی ئەو بارودۆخە دەبن، بۆیە من پێموایە دەبێت لە كۆبوونەوەكان، یەكێتی و پارتی باسی کێشە و گرفتی خەڵک بكەن.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com