ئەسعەد مورادی
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قەبارەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: تەنها قەرزە دەرەکییەکان زیاترە لە 30 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
عێراق خاوەنی داهاتی زۆری ناوخۆییە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و قەیرانەکان و شەڕە نەبڕاوەکان و بەهێزبوونی میلیشیاکان و لەم دواییانەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم وڵاتە لە وڵاتێکی پڕ داهاتەوە کردۆتە وڵاتێکی قەرزاری پڕ کێشە، تەنانەت قەرز بۆ دابین کردنی موچە دەکات، کە ئەمە لەرووانگەی ئابوورییەوە کارەساتبارە.
لەلایەکی دیکەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی دەستبەکاربوونی رایگەیاند، کە عێراق شتێی بە ناوی ئابووری نییە و نەوت دەفرۆشین و پارە وەردەگرین.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی رێژەی قەرزەکانی عێراقەوە رایگەیاند: لە ساڵی 2019-ەوە قەرزکردنی دەرەکی راگیراوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، رێگە بە حکومەت درا بڕی پێنج ملیار دۆلار لە بانکی نێدەوڵەتی قەرز بکات و هەروەها بڕی 15 ترلیۆن دیناریش لە بانکە ناوخۆییەکان قەرز بکات بۆ موچەی فەرمانبەران.
ئەحمەد سەفار گوتیشی، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و قەرزە ناوخۆییەکانیش گەیشتوەتە 50 تەلیۆن دینار. هەروەها حکومەتیش ناچار کراوە، کە بەرنامەی چاکسازی دارایی و ئابوری جێبەجێ بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە لیژنەی دارایی وەرەقەیەکی چاکسازی دارایی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی حکومەت پشتی پێ ببەستێت و چیتر پشت بە قەرزکردنی دەرەکی نەبەسترێت.