سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەنوسراو داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کراوە لەسەر پێشڵیکارییەکانی تورکیا لە هەرێم کۆبوونەوە بکات.
پێشێلکارییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە کاردانەوەی ناوخۆی عێراق و بەشێک لەوڵاتانی نێودەوڵەتی لبێکەوتەوە، حکومەتی عێراق زیاتر لەدووجار باڵوزی توکیای لە عێراق بانگ کردووە و بەفەرمی داوای لە تورکیا کردووە پێشێلکارییەکانی لەناو خاکی عێراق ڕابگرێت.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە عیراق بەردەوام لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمیەوە کراوەتە ناوەندێکی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی وڵاتانی زلهێز و دراوسێ، سەروەری خۆی بەتەواوی لەدەستداوە، چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوخۆی هەیە وایکردووە عێراق سیادەی دەوڵەتەکەی لەدەستبدات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا، ڕایگەیاند “پێشتر دوو نوسراو بە واژۆی پەرلەمانتارەنەوە دراوەتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەو پیشێلکارییانەی تورکیا لە ناوخاکی هەرێمی ئەنجامیداوە، بەڵام تائێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامی نوسراوەکانی نەداوەتەوە”.
شێروان میرزا، گوتیشی”بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکەنەوە، بۆیە چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی لەدانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی لەسەر بکرێت”.