پارتی ڤیتۆی لەسەر کاندیدەکانی یەکێتی هەڵگرتووە؟

0

سلێمانی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نەماوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆسانەی، کە پشکی یەکێتین لە حکومەتی هەرێم.         

ژمارەیەکی زۆر پۆستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا پڕنەکراونەوەتەوە، ئەمەش بەهۆی هەبوونی ڤیتۆ و ناڕەزایی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ژمارەیەک کاندیدی یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی، کە لەلایەن یەکێتییەوە دەستنیشانکراون.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکری ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە چارەسەری هەبوونی ڤیتۆی پارتی لەسەر کاندیدەکانی یەکێتی، ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەماوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆسانەی، کە پشکی یەکێتین لە حکومەتی هەرێم و تا ئێستا پڕ نەکراونەوەتەوە، ئێستا یەکێتی ئازادە لەوەی هەر کەسێک دەستنیشان بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی لە حکومەتی هەرێم پڕنەکراونەتەوە و پشکی خۆیەتی”.                                      

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت “پێویستە یەکێتی و پارتی ئازادبن لەوەی، کە لەپشکی خۆیان کێ کاندید دەکەن بۆ پۆستەکانیان لە حکومەتی هەرێم، دەبێت ئەو قۆناغەش تێپەڕێنن ڤیتۆیان لەسەر کاندیدی یەکتری هەبێت، دەبێت متمانەیان بە یەکتری هەبێت و بەیەکەوە دۆخی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن”.         

زکی ئەحمەد گوتیشی “دەبێت یەکێتی و پارتی لەوە تێبگەن، کە ئەگەر هەردووکیان پێکەوە حکومرانی لە هەرێمی کوردستان نەکەن، ئەم هەرێمە تێکدەچێت، دۆخی هەموو خەڵکی کوردستانیش خراپ دەبێت و دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت هەردووکیان پێکەوە وەک یەک تیم لە حکومەتی هەرێم کار بکەن و حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستان بێت”. 

هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لە قەیرانێکی زۆر قۆڵدایە و دۆخی ژیانی خەڵکیش زۆر خراپ و ناخۆشە، دەبێت بەزووترین کات ئەو پۆستانەی حکومەتی هەرێم، کە هێشتا پڕ نەکراونەتەوە، پڕ بکرێنەوە و بخرێنە خزمەتی خەڵکی کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com