ئەسعەد مورادی
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر یەکە لەکارخراوەکانی چەند وێستگەیەک بەگەڕ بخرێنەوە، ھەرێمی کوردستان لە چارەسەریی بنەڕەتی گرفتی کارەبا نزیک دەبێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە، کە ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبا بەرز بکاتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش بە هاونیشتیمانیان زیاتر بکات، بەڵام بەگوێرەی بۆچونی شارەزایانی کارەبا، بڕێکی زۆر کارەبای بەرهەم هێنراو، پێش ئەوەی بگاتە هاوڵاتی بەهەدەر دەڕوات، جگە لە سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم ڕگەیاند: لە ماوەی یەکساڵدا 12 پڕۆژەی گەورەی کارەبا، کە بریتین لە وێستگەی گۆڕین و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و نزیکەی 30 پڕۆژەی نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبای گەڕەکەکان و گەیاندنی کارەبا بە گوند و گەڕەکە نوێیەکان لە شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراون و چەند پڕۆژەیەکی دیکەشمان لە بەرنامە دایە”.
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، ھەر لەو ماوەیەدا چەند وێستگەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی کارەبا کراونەتەوە، کە بڕی بەرھەمھێنرداوی کارەبایان 850 مێگاواتە و بەھۆیەوە ئێستا بڕی بەرھەمھێندراوی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 3700 مێگاوات بەوەش توانیومانە ڕۆژانە 19 تا 20 کاتژمێر کارەبا بدەینە ھاوڵاتیان”.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت “لە ھەریەکە لە وێستگەکانی سلێمانی و ھەولێر و خورمەڵە و دھۆک، کاری بەرھەمھێنانی کارەبا تێیاندا ڕاگیراوە، بەھۆی نەبوونی سووتەمەنیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی چەند یەکەیەکی کارەبا، کە نزیکەی دوو ھەزار مێگاواتە”. دەشڵێت ”ئەگەر سووتەمەنی بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو یەکانە دابین بکرێت، بڕی کارەبای بەرھەمھێندراو دەگاتە نزیکەی شەش ھەزار مێگاوات و بەوەش نزیک دەبینەوە لە پڕکردنەوەی هەموو پێویستیی ھاوڵاتیان بە کارەبا”.