ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت بۆ گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک نەگەیشتە ئەنجامی دڵخوازی ئەمریکا و بۆیە ئەمریکا کەڵک لە میکانیزمی ماشە وەردەگرێت.
کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا، جارێکی دیکە لەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمی گرژی تێکەوت و گەمارۆکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە رۆژ بە رۆژ فراوانتر بوون و چەند بەریەککەتنێکیش روویداوە.
شارەزایانی سیاسی پێیانوایە تەنیا دوو رێگە لە بەردەم ئێراندا هەیە، کە ئەویش یان تەسلیم بوونە بە خواستەکانی ئەمریکا، یانیش توندتر کردنی بازنەی گەمارۆکان و لە ئەنجامدا بەریەککەوتن سەربازی.
دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەوەڵامی پەسەندنەکردنی گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک بەسەر ئێراندا، کە لە دوو مانگی داهاتوو کۆتایی بەو گەمارۆیە دێت، بڕیاری چالاککردنی میکانیزی ماشەی دژی ئێران داوە و لە هەفتەی داهاتوو ئەو بڕیارە یەکلا دەبێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران رایگەیاند: هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت نەگەیشتە ئاکامی دڵخوازی ئەمریکا و هەر وەک پێشریش ئەمریکا رایگەیاند بوو، ئەمجارە کەڵک لە مێکانیزمی ماشە وەردەگرێت.
شاهۆ حوسێنی دەشڵێت، کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن، کە بەهۆی ئەوەی، کە ئەمریکا لە بەرجام چۆتە دەرێ، ناتوانێ کەڵک لە مێکانیزمی ماشە (گەڕانەوە بۆ گەمارۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەر ئێڕان، کە پێش ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێندرابوو) وەربگرێت، چونکە ئەوە ئەندامانی بەرجامن، کە دەتوانن کەڵک لەو مێکانیزمە وەربگرن.
لەبارەی ئەگەری بەریەککەوتنی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران حوسێنی گوتی ”رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی ئەگەر مەبەست شەڕێکی ڕاستەوخۆی مەودادار بێت، ئەوە دوورە، بەڵام ڕووبەڕوو بوونەوەی کاتی هەبووە، ئێران فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئەمریکای پێکاوە، ئەمریکا قاسم سولەیمانی کوشتووە و ئێرانیش بە سارۆخ هێرشی کردۆتە سەر پێگەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق.