منداڵانی سەرشەقام و مەترسییەکانی

0

شلێر سەعید

توێژەرێك دەڵێت، منداڵان لە بارودۆخێكی خراپدان پێویستە زوو بەهانایانەوە بچین گەرنا ئەو منداڵانە لەداهاتوو لەوانەیە كەسی خراپیان لێ بكەوێتەوە زیان بەخۆیان وكۆمەڵگەش بدەن. دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت، بەهۆی خراپی باری ئابوری دیاردەكان زۆربۆتنەوە لە شەقامەكان ولیژنەكان ڕێگریان لێناكەن.

لە یەكێک لە خاڵەكانی جاڕنامەی مافی منداڵاندا هاتووە، کە منداڵ نابێت كاری پێبكرێت، بەڵام ئەو یاسایە تا ئێستا مەرەكەبی سەر كاغەزە لە زۆربەی وڵاتان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی هەژارن یان ڕوبەڕووی شەڕ و ئاوارەیی بۆنوتەوە. بەپێی دیباجەی مافەكانی منداڵ، كە لە 20-ی نۆڤەمبەری 1959 لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پیانراوە، هەموو ئەو كەسانەی تەمەنیان نەگەیشتۆتە 18 ساڵ بە منداڵ هەژمار دەكرێن و سەرجەم مافەكانیان پارێزراوە بەجیاوازی نەتەوەو ئایین و رەگەز و رەنگی پێست و رەچەڵەك. بەڵام لە زۆرێك لەو وڵاتانەی ئەم جاڕنامەیەان واژۆ كردووە، مافەكانی منداڵان پێشێل دەكرێن و لەنێویشیاندا عیراق و هەرێمی كوردستان.

بەپێچەوانەی زۆرێك لەو وڵاتانەی، كە یاسای پاراستنی منداڵ و دابینكردنی مافەكانیان بەرقەرارە، لە وڵاتی ئێمەدا منداڵان زۆرجار دەبنە قوربانی، هەر لە پشێوی و ئاڵۆزییە سیاسییەكانەوە تا بە قەیرانە داراییەكان دەگات، ئەگەرچی دەیان رێكخراوی تایبەت بە پاراستنی منداڵانیش هەیە، بەڵام هێشتا دەرهەق بەو منداڵانەی رۆژانە لەسەر شەقامەكان دەبینردرێن، نە هیچ كراوە و نە شتێكیش لە بارودۆخی ئەو منداڵانە گۆڕاوە.

 سینان و هاوڕێكانی خەڵكی ناوەڕاستی عێراقن، ئێستا ئاوارەن لە كوردستان، هەموو كات لە ترافیك لایت كلێنس دەفرۆشن، كەسوكاریان دەڵێن، ئێمە هیچمان نییە گەر ئەوان كارنەكەن، كرێ خانو و خەرجی ڕۆژانەمان بۆناكرێت.

لە سینانم پرسی، دەچیە قوتابخانە؟ گوتی، بەڵی بەڵام دەرنەچووم، بەهۆی كارەوە زۆر دوادەكەوم و كەم دەچم بۆ قوتابخانە. لە پرسیاری حەزت لە خوێندنە؟ گوتی، بەڵێ‌ زۆر حەز دەكەم، بەڵام من یارمەتی بابم دەدەم. 

شەونم توێژەری كۆمەڵایەتییە، لە یەكێك لە ڕێكخراوە مرۆییەكان كاردەكات دەڵێت، ئێمە چەندین جار دایك و باوكەكانمان كۆكردۆتەوە، كە كار بە منداڵەكان نەكەن، بەڵام نەگەیشتن بە قەناعەت.

شەونم لە لێدوانێكی بۆ نوچە دەڵێت، زۆربەی دایك و باوکی ئەو منداڵانەمان بانگ كردون و قسەمان لەگەڵ كردون تا ڕێگە چارەیەك بدۆزینەوە كار نەكەن، یان هەر چۆنێك بێت لە خوێندن دانەبڕێن، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر.

دەشڵێت، منداڵان لە بارودۆخێكی خراپدان، پێویستە زوو بەهانایانەوە بچین، گەرنا ئەو منداڵانە لە داهاتوو لەوانەیە كەسی خراپیان لێ بكەوێتەوە زیان لە خۆیان و كۆمەڵگەش بدەن. 

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، سەبارەت بە منداڵانی سەرشەقام گوڵستان سەعید، لە فراكسیۆنی گۆڕان، جێگری سەرۆك لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند: بابەتی منداڵانی سەرشەقام کاری هەمووانە نەك هەر بە تەنها پەرلەمان چ وەك وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی یان ئەوقاف یان و پەروەردە و تەندروستی، كارێكی هەماهەنگە تەنها كاری پەرلەمان نییە، هەرچەندە دەبێت پەرلەمان یاسایەك دەركات بۆ ڕێكخستنی کارەکان.

گوتیشی، لە 2006وە هەوڵی زۆر هەبووە و ئێستاش هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی یاسایەك دەرچێت بۆ پاراستنی منداڵ، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی.

گوڵستان سەعید، لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پڕۆژەی وەزارەتی كار ڕایگەیاندووە بە ناوی (بەرەو ئاسۆیەكی نوێ) بۆ منداڵانی سەرشەقام، پڕۆژەیەكی دوو ساڵەیە و فراوانە، باشە گەر جێبەجێ بكرێت.

جێگری سەرۆك لیژنه‌ی مافی مرۆڤ دەشڵێت، پێویستە پڕۆژەی لەخۆگرتن پەرەی پێبدرێت خەڵكی دۆڵەمەند دەتوانن ئەو منداڵانە لەخۆبگرن تا خوێندن تەواو بكەن. وەزارەتی پەروەردەش هەماهەنگ بێت تا هیچ منداڵێك بێ بەش نەبێت لە خوێندن.

 گوڵستان نەیشاردەوە، كە گەورەترین مەترسی لەسەر منداڵانی سەرشەقامەكانن، چونكە ئەوانە ڕوبەڕووی زۆر شت دەبنەوە لە ئەنجامدا لێكەوتەكانی زیانی زۆر لە خۆیان و لە كۆمەڵگەش دەدات. 

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، لەم بارەوە محەمەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: سەبارەت بە منداڵانی سەرشەقام كە تەمنیان لەسەر و پێنج ساڵیە تا 18 ساڵی، واخەریكە ببێتە دیاردە لە كوردستان و دیاردەیەكی نیمچە جیهانییە و ئەو منداڵانە بەمەبەستی كاركردن دێنە سەر شەقام و هەندێكیان كاری دیكە دەكەن و هەندێكیان سواڵ دەكەن.

گوتیشی، ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ، لەسەر ئەو دیاردەیە كارمان كرد و پەیامان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەركردن و بنبڕكردنی ئەو كێشەیە و پێشتر سەبارەت بەم دیاردەیە كاركراوە و منداڵەكان دەستگیر دەكران و كەسوكاریشیان دەستگیر دەكرد. هەروەها هەندێ‌ جار ئەو منداڵانە بە گروپ لەلایەن چەند كەسێك بەكاردەهێنران و دابەشیان دەكردن بەسەر ترافیك لایتەكان.

محەمەد گۆمەشینی ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی خراپی باری ئابوری دیاردەكان زۆربۆنەتەوە لە شەقامەكان و لیژنەكان ڕێگریان لێناكەن کار بكەن. دەشڵێت، بە پێی بەدواداچوونەكانمان بەشێكی زۆری منداڵەكان منداڵی ئاوارەكانن، كە ڕێژەیان 30% دەبێت و هەندێكیان خەڵکی باشووری عێراق و ناوەڕاستن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com