شلێر سەعید
ڕۆژی 19ی ئاب بە ڕۆژی جیهانی کاری مرۆیی دادەنرێت، هەموو ساڵێک جیهان ئەم ڕۆژە بەرز رادەگرێت و ڕێز لە کۆشش و خەباتی ئەوانە دەگرێت، کە لەبواری کاری مرۆییدا کاریان کردووە و لە ساتەوەختی کارەکەیاندا ڕووبەڕووی کوشتن و برینداربوون و ڕفاندن بونەتەوە.
ئەم بەروارە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەرخان کراوە بۆڕۆژی جیهانی کاری مرۆیی و لەساڵی ۲۰۰۹ بەفەرمی ناسێنراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یادی پەلاماردانی هۆتێل قەنات لەبەغدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی۲۲ کەس، کە گەورە کارمەندی کاروباری مرۆیی (سیرجیۆ ڤییرا میللو) بونە قوربانی.
خالید پێشەوا خەباتگێڕ لەپێناو دەوڵەتی کوردستان، لەم بارەوە بەم شێوە قسە بۆ نوچە دەكات و دەڵێت: کاری مرۆیی یەکێکە لە ڕەهەندە سەرەکیەکان و بنەمایەکی ئەخلاقی چەسپاوە لەناخی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، کە سەرچاوەی گرتووە لە شووناسی شارستانیەتی کوردستان و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی کاری مرۆیی پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە سایکۆلۆژییان چەسپاوە.
خالید دەشڵێت، سەبارەت بەم بارودۆخەی کۆرۆنا، کۆمەڵگەی کوردستانی هەم وەکو حکومەت و هەم وەکو تاکەکانی کۆمەڵگە جوانترین نموونەی ئینسانی و ئەخلاقیان پێشکەشکرد، وێڕای ئەو بارودۆخە سەختەی وڵاتەکەمانی پێدا تێپەڕی لەڕووی قەیرانی ئابووری و دارایی و شەڕ، کە دوژمنانی کورد خستویانەتە سەر گەلەکەمان، بەڵام گەلی شکۆمەندی کوردستان سەلماندی، کە کۆمەڵگەیەکی مرۆڤ دۆست و ژیان دۆستە.
هاوكات لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە ئومێد کەمال – شارەزا لە کاروباری رێکخراوەیی دەڵێت، لەکۆتایی ساڵی ڕابردوو ڤێرژنێکی نوێی کۆرۆنا لە وهانی وڵاتی چینەوە دەرکەوت و لەماوەیەکی کەمدا زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و ژیانی پەکخست و چەندین مانگ گەشتی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی لە نیوان وڵاتاندا سنووردار کرد، ئەم واقیعەش دۆخێکی خراپی ئابوری و دروستی لێکەوتۆتەوە، دەیخواست کە کاری مرۆیی زیاتر پەرەی پێ بدرێت و کوردستانیش داتەپینی دارایی و خراپی دۆخی تەندروستی، خێرخوازان ئازایانە دەستیان دایە دروستکردنی نەخۆشخانە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بواری تەندروستی و بەهاناوەچوونی هەژاران، بۆیە ئەوەی بینرا لەکاری مرۆیی دەگمەن و کەم وێنەبووە، کە هەڵسوڕاوانی بواری کاری مرۆیی جێگای حکومەت بگرنەوە.
ئومێد کەمال گوتیشی، كە ئێستاش هەوڵی زۆر هەیە، کە پێکوتەیەک بۆ تێکشکاندنی ڤایرۆسەکە بدۆزرێتەوە، بەڵام بەداخەوە کێبرکێکە لەسەر براوەی بازرگانییە نەک ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە دەرهاویشتە و هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەهیوای ئەوەی جیهان بتوانێت کاری هاوبەش ئەنجام بدەن لەبواری کاری مرۆییدا و کەمتر بیر لە بەرژەوەندی تایبەت بکرێتەوە.
ئومێد پێشی وایە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چ ئەوانەی فریاگوزاری و خێرخوازین، چ ئەوانەی لایەنی مەعنەوی و گەشەپێدانی مرۆیی بایەخ پێ دەدەن، ئەرکیان زیاتر و زیاتر بووە، لێرەوە جێگای خۆیەتی هەوڵ کۆششی ڕێکخراوە خێرخوازی و فریاگوزارییەکان، بەرز بنرخێنین، پێویستە ڕێز لەهەموو ئەو ڕێکخراوانە بگیرێت، کە بە وشەیەک بە پڕۆژەیەک خزمەتیان بە گەشەی لەیەنی ڕۆحی و دەرونی و مەعنەوی مرۆڤەکان کردووە.
هەر سەبارەت بە كاری مرۆییی بەرزان عومەر شیوەجانی، چالاكوان لە لێدوانەكەی تایبەت بەنوچە دەڵێت، کاری مرۆیی لە تەواوی جیھان بەھۆی قەیرانە زۆرەکانی وەکو شەڕ و کارەساتی سروشتی و بڵاو بوونەوەی نەخۆشی پەتا جیھانییەکان وای کردووە خەڵک لە گشت بوارەکانی ژیان پێویستی بەھاوکاری پێڕاگەیشتنی ھاوکاری مرۆیی بێت و ئەو ھۆکارانەی باسم کرد بەھەمان شێوە کاریگەری بەسەر ژینگەوە ھەیە ئەویش پێویستی بە بەھاناوەچوون دەبێت.
بەرزان پێی وایە، بەگشتی دەکرێ بڵێن کاری ڕێکخڕاوە مرۆییەکان لە ئاستی مام ناوەندن و دەشڵێت ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکرێ پۆلین بکرێن ئەوانەی بیانین و لە لایەن دەوڵەتان ھاوکاری و فەندیان پێشکەش دەکرێت زیاتر دەستکراوەن لە پێشکەش کردن و بەھاناوەچوون، بە مەرجێ خۆیان ھاوکاریەکە بگەیەنن، بەڵام سەبارەت بە ڕێكخراوە ناوخۆییەكان، لە ئاستی پێویست نین بەھۆی ئەوەی سەرچاوەی دارایی و بەخشەری پێویستیان نییە، بۆیە ئەوانیش دواجار دەگەڕێنەوە بۆ ڕێکخراوە بیانییەکان، لەپاڵ ئەمانەش کۆمەڵێك خەڵک خۆیان خۆبەخشانە بەکاری مرۆی و پێشکەش کردنی کاری مرۆی ھەڵدەستن.