دەوڵەتی یاسا: نابێت نوجێفی هیچ پۆستێكی سیادی وەربگرێت
نووچەنێت-رۆژنامەی ئەلوەسەت
پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت نابێت ئوسامە نوجێفی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت، چونكە فەرمانی لەسێدارەدانی “تیرۆریستەكان” پەكدەخات.
دوای ئەوەی فراكسیۆنی هاوبەشی سوننەكان راگەیاند كاندیدی ئەوان بۆ جێگری سەرۆك كۆماری عێراق ئوسامی نوجێفی سەرۆكی لیستی موتتەحیدونە، ئەمڕۆ پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا دژایەتی لیستەكەی دەربڕی بۆ ئەوەی ئوسامە نوجێفی هەر پۆستێكی سیادی وەربگرێت.
محەممەد سەهیود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ سێشەممە گوتی “نوجێفی لە سەرۆكایەتی خولی پێشووی پەرلەماندا هەر خەریكی پەكخستنی پرۆژە یاساكان بوو، ئێستاش دەیەوێت بچێتە سەرۆكایەتی كۆمار و هەمان سیاسەت پەیڕەو بكاتەوە “. سەهیود گوتی دوور نییە كاتێك ببێتە جێگری سەرۆك كۆمار، نوجێفی فەرمانەكانی لەسێدارەدانی “تیرۆریستەكان” پەكبخات و رایان بگرێت.
سەهیود هەروەها بەوە ئوسامە نوجێفی تۆمەتبار كرد كە “هیچ ئامادەییەكی تێدانییە بۆ پاراستنی ووڵات”.
سەهیود جگە لە دژایەتی لیستەكەی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆست لەلایەن نوجێفییەوە گوتیشی “لەسەر هەموو فراكسیۆنەكان پێویستە نەهێڵن نوجێفی هیچ پۆستێكی سیادی وەربگرێت، چونكە هاوبەشێكی راستەقینەی پرۆسەی سیاسی نییە”.
لێدوانی ئەمڕۆی محەممەد سەهیود، لەدوای ئەوە هات كە رۆژی یەكشەممە 20 ی ئەم مانگە فراكسیۆنی هاوبەشی سوننەكان رایگەیاند كە ئوسامە نوجێفی تاكە كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق.
