ملیۆنێك كەس لە پارێزگا سوننییەكان بێكارن
نووچەنێت-ئەلسەباح
بەگوێرەی زانیارییەكان لە ناوچە سوننەنشینەكانی عێراقدا رێژەی بێكاری گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی و ژێرخانی ئابووری و ئاستی بەرهەمهێنانیان بەڕاددەیەكی ترسناك نزمە.
رۆژنامەی ئەلسەباحی نزیك لە حكومەتەكەی نووری مالیكی دەڵێت بەهۆی داڕمانی ژێرخانی ئابوری و وەستاندنی بزووتنەوەی بەرهەمهێنان لە پارێزگاكانی (نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار و دیالە)، ژمارەی كەسان بێكار گەیشتۆتە ملیۆنێك كەس، ئەمەش رێژەیەكی پێوانەییە.
باسم جەمیل ئەنتوان پسپۆڕی كاروباری ئابووری بە رۆژنامەكەی ووتووە ئێستا تەنیا لە پارێزگای موسڵ نیو ملیۆن كەس بێكارن، رۆژنامەكە دەڵی سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار جەختی كردۆتەوە كە نیو ملیۆن بێكاری تر لە ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە هەن.
سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان چەكدارە سوننەكان و سوپای عێراق لەو پارێزگایانەدا، باری ئابووری دانیشتوانەكەی خراپتر كردووە.