كۆیە: تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵکشاندایە

0

شلێر سەعید 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە دەڵێت، تا ئێستا ٨٤ کەس توشبوو بە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و 8 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها تەنها لە ٨ کاتژمێری نیوەشەویرابردوودا زیاد لە ٢٠ بۆ ٣٠ نەخۆشی گومانلێکراو بە کۆرۆنا و خەواندنی چەندین کەس و مردنی ٣ کەس بۆ شارێکی بچووکی وەک کۆیە زۆرە.

قەزای كۆیە سەربە پارێزگای هەولێرە، لەسەرەتا توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمبوو، بەڵام دواتر بەشێوەك ژمارە توشبوان زیادی كردووە، كە بۆتە جێی نیگەرانی، لە كاتێكدا كۆیە لە پێداویستی پزیشكی و شوێنی مانەوەی نەخۆشی كەمە و تەنها 13 ئامێری هەناسەدانی دەستکردنی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری خەڵك وەك پێویست خۆیان ناپارێزن و تا ئێستا ئاهەنگەكانی بوك گواستنەوە لە هۆڵەكان بەردەوامە.

 د. پەرۆش شوان محمد ساڵح پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەڵێت لە ماوەی ٧ ڕۆژ لە ئەرکدابوونم لە کۆیە، لە ١/٨/٢٠٢ بۆ ٧/٨/٢٠٢٠ هەست ئەکەم مەترسیەکی گەورە بەرۆکی ئەم شارە جوانەی گرتبێ، ڕۆژانە لە فریاکەوتن حاڵەتی زۆر کتوپڕ دەبینین، حاجی و حاجی ژنەی بە پێنجی بەیانی دێت بۆ ئەو ئازارەی سێ مانگە هەیەتی، ئەوەی زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە سەردانکەرانی نەخۆشخانەکە بریتین لەو نەخۆشانەی کە بە نیشانەکانی وەک: کۆکە، سنگ ئێشە، گیان ئێشە، تای زۆر بەرز نیشانەکانیان وەسف دەکەن، کە لە ناوەراستی هاویندا و لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی جیهانی ڤایرۆسی بە تووشبوو و بەرکەوتەی کۆرۆنا هەژمار دەکرێت .

ئەو دكتۆری دەشڵێت، نەخۆشەکان لە تەمەنی جیاواز جیاواز و تووندی نەخۆشی جیاواز  دەردەکەون و هەریەکەش لە قۆناغێکدایە، لە چەند ڕۆژی سەرەتای مانگەدا هەم زۆرینەی نەخۆشەکان نیشانەکانیان سوک بۆ مامناوەند بوو لەگەڵ بوونی چەند پەڵەیەکی بچوک لە پشکنینی تیشکیدا کە زۆربەیان ڕێژەی ئۆکسجینیان لە ڕێژەی ئاساییدا بوو و پێویستیان بە داخڵکردن نەبوو لە نەخۆشخانە و بە چارەسەری (وقائی) و کەمکردنەوەی نیشانەکانیان دەنێردرانەوە ماڵەوە و چاوەڕێی تێپەڕبوونی نەخۆشیەکەیان دەکرد، ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی کۆتاییدا بینیمان تەواو جیاواز بوو. 

د. پەرۆش شوان  ئاماژەی بەوەشكردوە، كە ڕێژەیەکی زۆرتر لە نەخۆشەکان بە نیشانەی تووند و هەناسە تووندی و کەمی ڕێژەی ئۆکسجینی خوێن و نەخۆشی سەختتر دەبینرا، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نەخۆشخانەی مادی تایبەت بە كۆرۆنا چەندەها نەخۆشی بۆ ڕۆیشتوو و تا بێت ڕێژەی مردنیش زیادی دەکرد، ئاخر تەنها لە ٨ کاتژمێر ی نیوەشەوی ئەرکی دوێنێ شەومدا بینینی زیاد لە٢٠ بۆ ٣٠ نەخۆشی گومانلێکراو بە کۆرۆنا و داخڵکردنی چەندین کەس و مردنی ٣ کەس  بۆ شارێکی بچووکی وەک کۆیە کارەساتە, بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و قورس بوونی نەخۆشیەکە لە ناوچەیەک دوو شتمان پێدەڵێت، یەکەم ئەوەیە کە ڕێژەی تووشبووان زیادی کردووە، دووەم ئەوەیە کە ڕێژە و ژمارە و گواسنتەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکە زیادی کردووە

ئەو دكتۆرە هۆشیاری دەدات و هاوڵاتیانی سنورەكە ئاگاداردەكاتەوەو دەڵێت، هەستکردمان بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی پزیشکی لەگەڵ ئەوەی نامانەوێت لە دڵەڕاوکێ و خەم و بێتاقەتیتان زیاد بکەین، بەڵام دەبێت ئاگادارتان بکەینەوە، کە کۆیە خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، وەک پزیشکێک پێمان ناخۆشە کۆیەش وەک سلێمانی و هەولێر ئازیزانی لەدەست بدات و بگاتە ئاستێک کە خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان نەتوانن لەگەڵ ڕێژەی زۆری تووشبووان بەرگە بگرن، پەتایەک کە چۆکی بە سیستەمی تەندروستی وڵاتە زلهێزەکان هێنا بە دڵنیاییەوە لەم هەموو قەیرانەی ئێستادا دەتوانێت بەو توانا سنووردارەمانەوە پەکمان بخات.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە،بەنوچەی ڕاگەیاند : تا ئێستا  ٨٤ کەس توشبوو بەکۆرۆنا چاکبونەتەوە و 8 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە لێدوانێكی تایبەت لەم بارەوە هاوكار عەلی گوتیشی، تائێستا لە كۆی (٢٨١١) پشکنین ( ١٤٤ ) کەس لەسنوری قەزای کۆیە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەئێستادا (٥٤)  توشبوو هەیە و 84  کەسیش چاکبوونەتەوە و 8 كەسیش بەهۆی توشبونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

هاوكار گوتیشی، ئەوەی پێویستی بە ئامێری هەناسەدان نەبێ، لەماڵەوە خۆی كەرەنتین كردوە، ئاماژەى بەوەشكرد، کە ئەگەر ژمارەی توشبوان لە زۆری دابێت ئەوە جێگا نامێێتەوە بۆ خەواندنیان لە نەخۆشخانە؛ بۆیە داوادەكەین لەخەڵك پابەندی ڕێنمایەكانی خۆپارێزی بن. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com