ئەلیوت ئابرامز کێیە؟

0

نوچە

مایک پۆمیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند برایان هۆک نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئێران، دەستلەکارکێسانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە. بڕیار وایە ئەلیوت ئابرامز – نوێنەری ئێستای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا- جێگای بگرێتەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ڕۆژی پێنجشەمە [ 6ی ئەگۆست]، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی برایان هۆکی ڕانەگەیاند، بەڵام گوتی ”هۆک ڕاوێژکارێکی جێی متمانە” و “هاوڕێیەکی باش” بووە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا “دەستکەوتی مێژوویی لە دژی دەسەڵاتی ئێران تۆمار کردووە”. 

برایان هۆک لە دژایەتی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و داڕشتنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی و توندکردنەوەی گەماروکان ڕۆڵێکی چالاکی گێڕا. 

هۆک، ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویورک تایمز گوتی، ئێران بە هۆی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دۆناڵد ترەمپ، لاوازتر بووە. هۆک گوتیشی “ئێمە خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێین لەگەڵ ئێران. بەڵام گوشاری ئێمە بووەتە هۆی داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە”. هۆک هەروەها دەڵێت “چ ڕێککەوتنێک کرابێت یان نەکرابێت، ئێمە سەرکەوتوو بووین”. 

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەلیوت ئابرامز، جێگای هۆک دەگرێتەوە. ئابرامز کێیە؟ 

ئەلیوت ئابرامز لە 24ی جانیوەری ساڵی 1948 لە نیویورک لە دایکبووە. لە زانکۆی هارڤارد دکتۆرای یاسای وەرگرتووە. پێشتر لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان و بوشی کوڕ کاری کردووە. لە نێو شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەسایەتییەکی توند و شەڕانی ناوبانگی دەرکردووە. لایەنگری جددی ئیسرائیلە. هاوکات سەبارەت بە پێویستی پەرەپێدان و پشتگیری لە مافی مرۆڤ لە هەموو جیهان، وتار و نووسراوەی زۆری بڵاو کردوونەتەوە. هەروەها مامۆستای سیاسەتی دەرەکی بووە لە زانکۆی جۆرج تاون. لە ئێستادا ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەندامی لێژنەی ئاشتی و ئاسایشی کەنداو، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نیشتمانی وەزیر، ئەندامی لێژنەی لوبنانی ئازاد و لە دامەزرێنەران و ئەندامی پلانی سەدەی نوێی ئەمریکایە. 

ئابرامز لە ساڵی 1981دا بۆ ماوەی 7 مانگ نوێنەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ کاروباری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. لە ساڵی 1981 تا ساڵی 1985، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری مافی مرۆڤ و کاروباری مرۆڤدۆستانە بوو. لە ساڵی 1985 تا 1989 نوێنەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

ئابرامز لە پرسی ئێران- کۆنترا [فرۆشتنی نهێنی چەک بە ئێران لە دەیەی 1980] لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ڕۆناڵد ڕیگان، بەوە تاوانبار کرا، کە زانیاری هەڵەی داوە بە نوێنەرانی کۆنگرێس. بەڵام لە لایەن بۆشی باوکەوە چاوپۆشی لەو تاوانەی کرا. هەر لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان لە دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی نیکاراگۆئە و ئەلسالڤادۆر پشتیوانی کرد. لە سەرەتای ساڵی 1982، ئەو کاتەی میدیاکانی ئەمریکا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە کۆمەڵکۆژی سەدان هاوڵاتی ئەلسالڤادۆر لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە بڵاو کردەوە، ئابرامز لە ڕاپۆرتێکدا بۆ لێژنەی تایبەتی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە ئەو ڕاپۆرتانە جێی متمانە نین و پێدەچی ئەوانەی، کە کۆژراون، تاقمێک پارتیزان/ چەکداری شۆڕشگێڕ بووبێتن. بەڵام ڕاپۆرتەکانی دواتر سەلماندیان ڕاپۆرتەکەی ئابرامز بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەنجومەنی پیران نووسراوە. سەبارەت بە نیکاراگۆئە، ئەو کاتەی کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری دابوو، کە هیچ بودجەیەک بە کۆنتراکان نەدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی چەپگەرای ئەو وڵاتە بڕووخێنن، ئابرامز بە نهێنی چەندین جار دیداری لەگەڵ کردن. 

لە خۆلی یەکەمی سەرۆک کۆماری جۆرج بۆشی کۆڕ، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار و بەڕێوەبەری باڵا بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆک کۆماری بۆشدا، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بوو بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی سەرۆک کۆمار سەبارەت بە پەرەپێدان بە دیموکراسی لە دەرەوەی ئەمریکا. هەروەها لەبەر ئەوەی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ لۆبی ئیسرائیل هەبوو و ئەندامی ئەنجومەنی یادەوەری هولوکاست لە ئەمریکا بوو، لە سەردەمی بۆشدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە ڕێکخستنەوە و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا. 

لە ساڵی 2002، میدیاکان ئاشکرایان کرد کە ئابرامز ڕۆڵی هەبووە لە داڕشتنی پلانێک بۆ کودەتا لە دژی هۆگۆ چاوز، سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا. پاش ڕێککەوتننامەکەی ئەمریکا و کووریای باکوور لە ساڵی 2007، ئەبرامز بە ناردنی هەندێ نامە و ئیمەیل بۆ بەرپرسانی دەوڵەت، گاڵتەی بەو ڕێککەوتنە کرد. ئابرامز بڕوای وابوو، کە دەبێ بە شێوەی سەربازی ڕووبەڕووی دوژمنانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە. 

 پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە ساڵی 2017دا دڵنیا بووەوە، کە ئابرامز ڕەخنەی لێ گرتووە، ڕێگەی نەدا ببێتە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. بەڵام پاشان لە 25ی جانیوەری 2019، بووە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڤەنزۆێلا، بەوەش بووە یەکێک لەو دەگمەن کەسانەی، کە سەرەڕای ڕەخنە گرتن لە ترەمپ، ڕێگەی پێ درا لە ئیدارەکەی بەشدار بێت. 

لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و زۆرێک لە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا خوازیاری هاتنە سەر دەسەڵاتی حەسەن ڕووحانی بوون، ئابرامز لایەنگری هاتنەسەر دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو، کە بە کەسایەتییەکی توندڕۆ و نزیک لە خامنەیی ناسرابوو. ئابرامز پێی وابوو، کە ڕەئیسی سیمای ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامییە. هەروەها پێی وابوو لە ئەگەری سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی، خەڵکی ئێران وەک هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەمریکایە. 

ئێستا دانانی ئابرامز لە پۆستی نوێنەرایەتی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، بێگومان دەبێتە هۆی نیگەرانی زیاتری بەرپرسانی تاران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com