دڵنیا قەرەداخی و كونسوڵی میسر بە رێككەوت هاوسەرگیریيان كردووە
نوچە.نیت.رووداو
هونەرمەند دڵنیا قەرەداخی و سلێمان عوسمان، كونسوڵی میسر لە هەولێر لە میانەی بەشداریكردنیان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو) باسی یەكترناسینیان كرد كە چەند رۆژێكە هاوسەرگیرییان كردووە. دڵنیا دەڵێت هاوسەرگیرییەكەیان رێكەوتبوو و كەس خۆی بۆ ئامادەنەكردبوو. سلێمان عوسمانیش دەڵێت ئەوان شانازی بە كورد دەكەن و لە هاوسەرگیرییەكەش وەك لایەنی مرۆیی بیریكردووەتەوە نەك بۆ جنس و رەگەزپەرستی.
لەسەرەتای بەرنامەكەدا لەبارەی چۆنیەتی یەكترناسینیان دڵنیا گوتی: “ئاهەنگی یادی كونسوڵی میسر لە هەولێر هەبوو، لەوێ سلێمان عوسمانم بینی و پێشتر نەمبینیبوو، ئەوكات زۆر رێزی گرتم و خاوەن كەسایەتییەكی بەرزبوو، بەتایبەت كە زانیم حەزی لە گۆرانی كوردییە زۆر سەرنجی راكێشام، بەڵام نازانم من چۆن سەرنجی ئەوم راكێشا”. هەروەها سلێمان عوسمانیش گوتی: ” دەنگی دڵنیام پێخۆشبوو بۆیە داوای هاوسەرگیریم لێكرد، لە رووی مرۆییشەوە بیرمكردووەتەوە و بەهیچ جۆرێك پەیوەندی بە جنس و رەگەزپەرستییەوە نییە”.
سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونیان كە ئایا لە كوردستان یان لە میسر دادەنیشن، دڵنیا گوتی، “من كوردم و كوردستانیم، بەهیوام لە داهاتوویەكی نزیكدا دەوڵەتی كوردی رابگەیەنرێ و پاسپۆرتەكەم ببێتە كوردستانی، سەرەتا بۆ ماوەیەك لەهەولێر دەژین و نازانم دواتریش بۆكوێ دەچین”. لە بەرامبەردا كونسوڵی میسر گوتی :”ئێمە شانازی بە كورد دەكەین و وەك میسر كۆنترین پەیوەندیمان لەگەڵ كوردستان هەبووە، یەكەم رۆژنامەی كوردی لە میسر دەرچووە و یەكەم رادیۆی كوردیش لە میسر داندراوە”.
لەبارەی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیش سلێمان عوسمان گوتی: ” ئێمە كار لەگەڵی فەرمیات دەكەین و پێویستە ئێستا بەرنگاری چەكدارانی داعش و تیرۆر ببینەوە لە عێراق، چونكە مەترسییەكی گەورەن، لەبارەی مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی كوردیش ئەوكاتەی راگەیەندرا بەفەرمی هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین”.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە كونسوڵی میسر چی بۆ كردووە ؟ دڵنیا گوتی :”دڵی خۆی مارەییە بۆ من، دڵێك كە خۆی زێڕبێت پێویستناكات هیچم بۆ بكات، ئێمە دەمانەوێت بیر لە داهاتوو بكەینەوە”. لەبارەی ئەوەش كە ئایا حەزدەكات منداڵیان ببێ، دڵنیا گوتی :”من حەزم لە منداڵ نییە، بەڵام ئەگەر منداڵمان ببێ دەبێ كوردی بزانێ”.