سلێمانی
قایمقامی شارباژێڕ ڕایدەگەیەنێت، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەهۆی ئاگرەکەی سنووری شارباژێڕەوە زیاتر لە 1000 دۆنم زەوی سوتاوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوجە، شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێڕ، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی شارباژێڕ، راگەیاند “ئەو ئاگرەی، کە ماوەی سێ ڕۆژە لە سنووری قەزای شارباژێر کەوتووەتەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو بەهاوکاری تیمەكانی بەرگریی شارستانی چوارتا و ماوەت و گاپیڵۆن توانراوە ئاگرەکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵبکرێت”.
لە بارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و زیانەکەی، قایمقامی شارباژێڕ، دەڵێت “بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە هەورە بروسكەیەك بووە، چونکە ڕۆژی 27 ی مانگە بەهۆی بارانبارین لەو ناوچەیە هەورەبرووسکە درووستبووە، زیانی ئاگرەكەش سووتانی زیاتر لە 1000دۆنم زەوی بووە“.
شاهۆ عوسمان گوتیشی “داوا لەهاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، کە لە کاتی چوونەدەرەوەیان پارێزگاری لە سرووشتی ناوچەکە بکەن، هەوڵبدەن ئەوشوێنەی، کە گەشتی بۆ دەکەن لە دوای خۆیانەوە پاکی بکەنەوە و ئاگری تێدا بەجێ نەهێڵن، چونکە کەوتنەوەی ئاگر و کۆنتڕۆڵکردنی زۆر قورسە لەئێستادا”.