شلێر سەعید
سەرۆكی تیپی باواجی كۆیە دەڵێت، سەردەمی کۆرۆنادا كارەكانمان هەندێك سستی پێوە دیارە و زۆر كار بەتەمابووین بیكەین نەمانكردووە، بەلام هەر ڕانەوەستاوین.
سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19) كاریگەریەكی چاوەڕوان نەكراوی هەبوو لەسەر کاری هونەری و ڕۆشنبیری لە جیهاندا و چەندین كۆمپانیا لە بەرهەمهێنانی فلیم و كاری هونەری زیانی زۆریان بەركەوتوە بەهۆی ئەو گرێبەستانەی كردبوین و دوایش نەیان توانیوە ئەنجامی بدەن ، لەكوردستانیش بەهەمان شێوە كۆرۆنا كاریگەری هەبووە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سەفین عەبدولڕەزاق، سەرۆكی گروپی مۆسیقای باواجی كۆیە، بە نوچەی ڕاگەیاند: لە سەردەمی کۆرۆنادا كارەكانمان هەندێك سستی پێوە دیارە و زۆر كار بەتەمابووین بیكەین نەمانكردووە، بەلام هەر ڕانەوەستاوین، بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان، كارەكانمان بەردەوامە.
گوتیشی، لە چالاكی قوتابخانەكان دوو گۆرانیمان تۆماركرد بۆ منداڵان، لە شعری هاوژین سڵێوە و ئاوازی سەفین عەبدولڕەزاق، ئامادەکردن و تۆماری دەنگ مامۆستا کاروان موحسین؛ هەر لە ستۆدیۆی چالاكی قوتابخانەكان تۆمارمان كردوە، بەدەنگی ترێ سەرکەوت و گۆرانیەكان بەناوی (زمانی کوردی شیرینە، حەزم لە مۆسیقایە).
سەرۆكی تیپی باواجی كۆیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە كۆرۆنا كاریگەری هەبووە بۆ سەر گشت جومگەكانی ژیان و هونەریش لێی بەدەرنەبووە، ئێمە چەندین كارمان پەكی كەوتوە كە دەبو ئەنجامی بدەین، و یەك لەوكارانەمان ساڵانە خولمان دەكردەوە بۆ قوتابیان و ئارەزومەندانی مۆسیقا و گۆرانی، بەڵام ئەمساڵ بەو درەنگە دەستمان پێكرد و دەبوو 17ی 3 یادی هونەرمەند مامۆستا سەردار بكەینەوە، بەڵام نەكرا و فێستیڤاڵی پەیكەری مەلای گەورەمان لە پێشبوو لە سلێمانی، كە ئێمە بە چەند كارێك بەشداربووین، ئەویش ڕاگیرا و هەركات ئەو ڤایرۆسە نەما ئێمە ئەوكارانەمان تەواو دەكەین.





