رۆژنامەیەكی ئەمریكی: پاسدارانی ئێران 5000 سەربازیان ناردۆتە عێراق
نووچەنێت-ۆرلد تریبیون
رۆژنامەیەكی ئەمریكی دەڵێت لەدوای 10 ی حوزەیرانەوە ئێران لانیكەم 5000 سەربازی بە عێراقدا بڵاوكردۆتەوە لەژێر سەرپەرشتی سوپای پاسداراندا.
رۆژنامەی (ۆرلد تریبیون) ی ئەمریكی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی كوردی دەڵێت هەر هەفتەیەك دوای كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لەلایەن چەكدارانەوە، ئێران دەستی كردووە بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ پشتیوانی نووری مالیكی لە رووبەڕووبوونەوەی چەكداراندا.
هەر بەپێی رۆژنامەكە، جگە لە سەرپەرشتی كردنی ئەو 5000 سەربازە ئێرانییە لەلایەن پاسدارانەوە، ئێستا فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سەر بە قاسم سولێمانیش سەرپەرشتی ئەو میلیشیا شیعانە دەكات كە دوای فتواكەی سیستانی وەك خۆبەخش بەشداری لە شەڕی داعش دەكەن.
شیاوی ووتنە ماوە نا ماوەیەك میدیا فەرمی و نافەرمییەكانی ئێران وێنەی بە خاكسپاردنی سەرباز و ئەفسەر و خۆبەخشی ئێرانی بڵاودەكەنەوە كە لە عێراق كوژراون.