هاوڵاتییەک: بە ماوەیەکی کەم نزیک دووملیۆنم داوەتە دکتۆرو دەرمان

0

نوچەنێت

هاوڵاتیان گلەیی لە گرانی نرخی نۆڕینگەو پێداویستییە تەندروستییەکان دەکەن، سەندیکای پزیشکانیش دەڵێت: جارێ پلانمان دانەناوە.

ئاشتی، تەمەنی ٣٩ ساڵە، دایکی پێنج منداڵە، بە نیگەرانییەوە باس لە دۆخی خۆی لە کاتی چوونە نۆڕینگەکان دەکات و دەڵێت” هەر شوێنی نرخێکە، رەچاوی دۆخی دارایی و دەرونی هاوڵاتیان ناکرێت”.

ئاشتی، توشی نەخۆشییەکی ژنان بووە، وەک باسیدەکات بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە لە ماوەیەکی کەمدا بەسەردانی دکتۆر و نۆڕینگەکان نزیکەی دووملیۆن دیناری خەرج کردووە. لەبەرئەوەی زوو نەتوانراوە نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکرێت، ناچاربووە سەردانی سێ دکتۆر بکات.

دۆخی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان داناوە، لە هەرێمی کوردستانیش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و بێکاری، ئەوانەی کە خەڵكی کاسبکار و هەم موچەخۆرن لە تەنگژەدان، چونکە لاوازی کاروکاسبی هەموو خاوەن پیشەکانی گرتۆتەوە.

لە دۆخی وەهادا، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامدەر و خەمخۆری ژیانی هاوڵاتیان بن، ئایا وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان چ هەنگاوێکیان بۆ ئەم مەبەستە ناوە؟

دکتۆر باساک بەرزنجی، نەقیبی سەندیکای پزیشکان، لە لێدوانێکدا بۆ نوچە گوتی” نرخی بلیتی نۆڕینگەکان بە پێی تایبەتمەندی و خیبرەی پزیشکان، دەگۆڕێت بۆیە، لە دەهەزارەوە بۆ ٣٠هەزارە”.

سەبارەت بە پلانی ئەوان بۆ دۆخی کۆرۆناو کەمکردنەوەی فشار لەسەر هاوڵاتیان، نەقیبی سەندیکای پزیشکان دەڵێت” هێشتا پلانمان دانەناوە تا باسی بکەین، بەڵام لەبەرنامەماندایە، کە پلانمان دانا رایدەگەیەنین”.

ئاشتی خۆی ژنی ماڵەوەیە و خاوەنی هیچ داهاتێکی تایبەت نییە، هاوسەرەکەی شوفیری تاکسییە، ئەوانیش بەر دۆخی کەمکاری و کەمی داهات کەوتوون، بۆیە زیاتر باسی دۆخی خۆی دەکات و پێیوایە دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکان خەمخۆری ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان بن” لەبەرئەوەی سەرەتا نەیاندەتوانی نەخۆشییەکەم دەستنیشان بکەن، ناچار بووم سەردانی سێ دکتۆر بکەم، کە بلیتی نۆڕینگەکانیان ٢٠،٢٠، ٣٠ هەزار دیناربوو، نرخی ئەشێعەیەک کە پێویستم بوو ٣٥٠هەزار بوو، هەمان ئەشێحە لە دووشوێنی تر نرخیان جیاواز ٤٠٠، ٣٠٠هەزار بوو، کاتێک پرسیارمان کرد کە بۆچی وایە گوتیان ئەوەی کوالێتی خراپە نرخی ٣٠٠هەزارە!!!”.

ئەم ژنە کە پێویستیب بە نەشتەرگەری بووە، باس لە نرخی نەشتەرگەرییەکەش دەکات”نرخی نەشتەرگەرییەکە کە ئاسانیش بوو، ٤٠٠هەزار دیناربوو، من لە ماوەی چەمد رۆژێکدا نزیکەی دووملیۆن دینارم تەنیا دایە بەرامبەر بلیتی نۆڕینگە، ئەشێعەو دەرمان، کە فشارێکی زۆری دارایی و دەرونییە وێڕای دۆخی تەندروستیم”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی وێڕای هەبوونی کۆمەڵێک نەخۆشخانەی گەورەی حکومی، سەردانی نۆڕێنگەو نەخۆشخانەی تایبەتت کردووە ئاشتی گوتی”ناچاربووم چونکە پێویستم بە چارەسەری خێرا بوو، لە نەخۆشخانەی حکوی رەچاوی ئەوە ناکرێت، ئەشیعەو نەشتەرگەری نۆرەگرتنی دەوێت، زۆریش هەوڵماندا بەڵام لەو کاتەی کە پێویست بوو بۆم نەدەکرا، تەنانەت لە کاتی سەردانی دکتۆر لە نەخۆشخانەی حکومی گرنگییەکی ئەوتۆت پێنادرێت و تەنیا بەڕێدەکریی”.

زارا، ئافرەتێکی ترە کە وەک ئاشتی دەڵێت “ناچاربووم سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بکەم”.

زارا ژنێکی تەمەن ٤٠ساڵە، نیگەرانییەکانی بۆ نوچە دەگێڕێتەوەو دەڵێت” شەوێک هەستم بە سەرسوڕانێکی زۆرکرد، دۆخم تێکچوو چوومە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام دکتۆرەکە هەر گرنگی پێنەدام و بێ هیچ فەحسێک دەرمانی بۆ نوسیم، نەوێرام بەکاریان بهێنم، هەمان کات چوومە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پێیان گوتم فشاری خوێنت بەرزبۆتەوەو زوو چارەسەریان بۆ نوسیم”.

نەقیبی سەندیکای پزیشکان لە هەرێمی کوردستان ، دەڵێت” ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤وە بە پێی تایبەتمەندی دکتۆرەکان، نرخی بلیتی نۆڕینگەکانمان داشکاندووە دوای ئەوە هیچ دەستکاری نەکراوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com