کورد دوژمنی کورد و دۆستی دوژمنە

0

د.رێدار: ئەم کەسایەتییە رەهەندی مێژووی و کۆمەڵایەتی هەیە

بەهرە حەمەڕەش

بۆچی کەسایەتی تاکی کورد، رارا و پێچەوانەیە؟ متمانە بەیەکتر ناکەن و یەکتر قبوڵ ناکەن بەڵام لە دوژمن دەبورن و دەبن بە دۆستی، کۆمەڵێک پرسیارن لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دکتۆر رێدار محەمەد ئەمین وەڵامیان دەداتەوە.

نوچەنێت: قەلەقی و متمانە بەخۆنەبوونی مرۆڤی کورد لە کوێوە سەرچاوە وەردەگرێت؟

د.رێدار: ئەم پرسیارە جگە لەوەی رەهەندێکی دەرونی و کۆمەڵایەتی هەیە، رەهەندێکی مێژوویی و ئاینیشی هەیە. ئەگەر پرسیارەکە دابەش بکەین دەتوانین بڵێین، بۆچی کورد بەدرێژایی مێژوو کەم متمانەی بە خۆی بووە، بەڵام زۆرترین متمانەی بەویتر هەبووە؟

ئەگەر بگەڕێینەوە مێژوو، دەبینین جگە لە ماوەیەکی کەم نەبێت، کورد هەمیشە زیاتر خاکی دیاریکراو بووە. بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرێکی گەورە، بە واتایەکی تر هەمیشە پاشکۆ بووە، کاتێک هەوڵ نەدراوە یان بە هەر جۆرێک بێت، مەودا نەبوو کورد لەم دەستبەسەری و پاشکۆیەتییە رزگاری بێت. نەوە دوای نەوە ئەمە لە مێشکی تاکی کورد چەسپاوە کە دەبێ هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە و بژی، قەدەری وایە.

زانای سایکۆلۆژی(یۆنگ) (نائاگایی دەستەجەمعی) ناوی دەبات. بۆیە بڕوای وابووە، کە دەبێت(ئەویتر) ئەو کەسەبێت یاخود ئەو گەلەبێت کە کە دەبێ متمانەی پێبکات.

جەمال نەبەز، لە وتارێکی(کۆشە مێژوویەکی کورد لە ئەڵمانیا) باس لە (گەشتەوەر) گەڕیدەیەکی بەناوی هلیموت دەکات کە بەمشێوەیە وەسفی کورد دەکات”هەر یەک لەم سەرۆک هۆزانە تەنیا لەسەر هۆزەکەی خۆی دەکردەوە، بێهێزی ئەم گەلە ئا لەمەدایە. ئەگەر یەکیان بگرتایە ژێر نەدەکەوتن، بەڵام کەسیان نەهاتنە سەرئەوەی لەسەر ئەویتر بکاتەوە، لە کاتێکدا رەشیدا پاشا و حافز پاشا ناوچەکەیان لرف دەدا ئەوانیتر دڵیان بەوە خۆشبوو کە ئاگرە سورە لە خۆیان دوورە، تا سەرە دەهاتە سەر ئەوانیش”.

ئە وەسفەی گەڕیدە ئەڵمانییەکە، وەسفێکی ورد و واقیعییە ئەگەرچی ئەو کورد بە گەلێکی ئازا و نەبەرد وەسف دەکات، بەڵام داخی ئەوەیە کە بۆچی کورد بیر لە بەرژەوەندی خۆی ناکاتەوە.

نا ئاگایی دەستەجەمعی کورد، بەوەی دەبێت هاوڵاتی ژمارە دوو، گەلی ژمارە دوو، پاشکۆ…هتد بێ.

لە مێژووییدا قوڵبۆتەوە. بۆیە کورد پێیوانەبووە دەبێت خاکێکی سەربەخۆی هەبێت، هەڵبەتە ئەمەش هۆکاری بووە بۆئەوەی بیر لەوە نەکاتەوە خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بە خۆی بێت. بۆیە دەبینین لەمەشدا هەمیشە هەڵگری بیروباوەڕێکی هاوردەکراوبوو. ئەو تەنیا کاری موتوربەکردن بووە، خۆ ئەگەر هەوڵی هەموارکردنەوەی بدایە ئەوا رەنگە لە قازانجی خۆی شکابایەوە، بەڵام ئەفسوس کورد تەنیا کۆپییەکی ئەو رێباز و ئایدیایانە بووە، هەوڵی نەداوە بیانکاتە ناسنامەی خۆی بەڵکو خۆی بۆتە ناسنامە بۆ ئەوان.

ئەگەر گەلێک کەمترین متمانەی بەخۆی هەبێت، ئەوا دەرئەنجامێکی سروستییە کە زۆرترین رارایی دەبێت. ئەو راراییەش وایکردووە کە هیچ گروپێکی کوردی متمانەی بەویتر نەبێت. ئەمە کێشەی کوردی قوڵتر کردۆتەوە، من متمانەم بەخۆم نییە چونکە کوردم و پێویستم بە (ئەویتر)ە،

دەستم بگرێت، متمانەشم بە (برا)کەم نییە، چونکە ئەویش وەک من کوردە! رەنگە ئەو بیرکردنەوەیە بێت وایکردووە کورد بەدرێژایی مێژوو زۆرترین خیانەت لە خاکی خۆی بکات، کە لەزیهنی ئەودا خیانەت نەبووە. بگرە کارێکی چاک بووە.

نوچەنێت:  بۆچی کاراکتەری مرۆڤی کورد لە دەستپێشخەری و بڕیاردان لاوازە؟

د.رێدار: لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا واز لە مێژوو  و بیرکردنەوەی چ وەک تاک چ وەک کۆ، دەنگی خۆی هەبێت دەهێنم.

سیستەمی پەروەردە سیستەمێکی سەپێنەربووە، بەهێز و  لێدان ویستوویەتی تاک پەروەردە بکات، بەداخەوە کاتێک لە هەرێمی کوردستان، کورد هەلی ئەوەی بۆ رەخساوە هەوڵی گەڕاندنەوەی کۆی تاک بدات، درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتی سەرکوتکردنە بووە. هەوڵی نەداوە تاکێک پەروەردە بکات خاوەن بڕیار و دیدگای خۆی بێت. هەمیشە ویستوویەتی بیرکردنەوەکان لە هەرەمێک کۆبکاتەوە، واتە کەسی یەکەم لە جیاتی هەموان بیردەکاتەوە.

لە قوتابخانەکاندا تەنیا بەرێوەبەر دەزانێ باش بیربکاتەوە. لە نەخۆشخانە تەنیا بەڕێوەبەر، لە وەزارەت تەنیا وەزیر، بەمجۆرە هەڵدەکشێت. بۆیە کاتێک تۆ دەتەوێت نەوەیەک پەروەردە بکەی تەنیا بە پاشکۆیی رازی بێت. ئەوا مێگەلێکی مەڕ دروست دەبێ.

نوچەنێت: کورد تا ئێستا کاراکتەری بەهێزی لە بوارە جیاجیاکانی (رۆشنبیری، ئاینی و هەتا سیاسی) دا کەمە، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

د.رێدار: رەنگە لەو پرسیارەدا هاوڕات نەبم، رەنگە زۆرترین کاراکتەری سیاسی، رۆشنبیری، ئەدەبی و ئاینیمان هەن، بەڵام بەداخەوە خۆخۆری و خۆشکاندنەوە وایکردووە ئەم کاراکتەرانە وەک پێویست دەرنەکەون. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هەستی خۆ بەکەمزانین و متمانە بە خود، دەبینی کە بەهۆی ئیرەییەوە هێرش دەکرێتە سەر کەسە سەرکەوتووەکان، تا ئەو راددەیەی کە کورد نەک هەر متمانەی بەخۆی نەبێ بەڵکو متمانە بە خوشک و برا و دەروروبەریشی ناکات. ئەم ئیرەییە لە ناو کورد نەک هەر حەز بە سەرکەوتنی یەکتر ناکەن بەڵکو بەردەوام هەوڵی شکستهێنان بە یەکتر دەدەن.

بۆیە پێموایە پڕۆژەی بنیاتنانی تاکی کورد، لە پەروەردەوە دەستپێدەکات پەروەردەکردنی نەوەیەک کە پاشکۆیی قبوڵ نەکات. متمانەی بەخۆی بێت. خاوەن راوبۆچوونی خۆی بێت و پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت. بەداخەوە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیبینم رێک پێچەوانەیە! جا ئەم کارە بەدەستی ئەنقەست یان نەزانین کە (هەردووکیان کارەساتە) هەوڵ دراوە نەوەیەکی بێ ئیرادە بێ متمانە لاواز و لەرزۆک بەرهەم بهێنێت.

نوچەنێت: نامۆیی کاراکتەرەی کورد، لە کوێوە سەرچاوە وەردەگرێت، کە دوای سەدساڵ قوربانیدا و چەوساندنەوە، بە هاتنی تانک و ئاڵای عیراق بۆ هەرێم، خۆشحاڵە؟

د.رێدار: وەڵامی بەشێک لەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشتر داوەتەوە. نەوەیەک دروستبووە باوەڕی بەهیچ نییە یان با بڵێین باوەڕی بە هیچ نەماوە، کاتێک دەبینێت رەمزێکی ئاینی، بە کەمترین پارەوپول خۆی دەدۆڕێنێت، شۆڕشگێڕێکی دوێنێ ئامادەیە ئەمڕۆ، هەموو خاکەکەت بگاتە قوربانی گیرفانی خۆی، داگیرکار و دوژمن و ئەنفالچی خەڵات دەکرێن. هاوڵاتی پلە یەک ئەوانەن زۆرترین خزمەتی حزب دەکەن نەک وڵات.

لەبەر ئەم هۆکارانە ئاساییە کە تاکی کورد نامۆبێت، رەنگە زۆرترین تاکەکان خۆشحاڵ نەبن بەڵام بێباک بن لایان گرنگ نەبێ سوپای داگیرکار دێ یاننا، کاتێک ئەوان وەک مرۆڤ شکۆیان شکاوە، چ جیاوازی لە نێوان بێگانەو دۆست هەیە؟ بگرە زوڵمی دۆست بە ئازارترە.

حزبە کوردییەکان مێژووی نەپساوەیان هەیە لەوەی، کە بەردەوام ئاڵای بێگانەیان هێناوەتە کوردستان و خۆشحاڵیش بوونە، چونکە لەم پرسەیەدا شکستیان بەویتر هێناوە.

نوچەنێت: ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین بە چ میتۆدێکی سایکۆلۆژی(فرۆید، پاڤلۆڤ، یونگ و…)، راڤەکردن و لێکۆڵینەوە لە سەر کاراکتەری مرۆڤی کورد بکەین؟

د.رێدار: بەداخەوە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر تاکی کورد نەکراوە، رەنگە هەوڵدرابێت و توێژینەوە لەسەر سەرکردەکانی کورد کرابێت، کە پێموایە ئەوەش زیاتر بەمەبەستی بە دەستهێنانی بڕوانامە بووە. نەک زانستی.

ئێمە پێویستیمان بە لێکۆڵەری زانسی-دەرونی هەن کە بتوانن ئەم خاڵاە لاوازانەی تاکی کورد دیاریبکەن. هەوڵی ئەوەبدرێ و کاربکرێت کە دووبارە کەسایەتی کورد، دوور لە هەژمانی حزب و چاپلوسی بۆ ئەم و ئەو بنیات بنرێتەوە. گرنگ ئەوەنییە چ بیردۆزێک بۆ راڤەکردن بەکاردەهێنین گرنگ ئەوەیە چۆن ئەم بیردۆزە پراکتیزە دەکەین. ئەوانەی باستکرد جگە لەوەی چەند بیردۆزێکی کلاسیکن، ئەوا فرە لایەنن سەختە بتوانین یەکیان دیاریبکەین. گۆڕانکارییەکی ژیان وادەخوازن بەردەوام لە هەوڵی نوێکردنەوەو توێژینەوەی نوێدابین تاکو بتوانین لە سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد تێبگەین و ئاراستەی دروستی بکەین.

نوچەنێت: کۆمەڵی ئێمە وایلێهاتووە، کە هەموو کەس گلەیی دەکات (بەرپرسی حزبی، حکومی، رێکخراوی، کۆمەڵگەی مەدەنی، هاوڵاتی و…)؟

د.رێدار: هیچ لەوە ئاسانترنییە کە گلەییەکانی خۆی بخەیتە ئەوستۆی خەڵکی تر ئەوە ئاسودەیی دەرونیت پێدەبەخشێت، وەلێ هەندێجار فێڵ کردنە لە خود! راکردنە لە بەرپرسیارێتی…کاتێک بەرپرسێکی حزبی، یان حکومی خۆی وەک ئۆکتۆبەس(هەشت پێ) دەبینێ و پێیوایە، ئەو تەنیا سوارچاکی مەیدانە تەنیا ئەو زیرەکە، رۆشنبیرە، سیاسییە، وەرزشوانە، زاناو دانایە، هەربۆیەش لە هەموو بۆنەکان دەیبینین ئیتر گلەیی چی لەمەبکات کە خەڵکێکی ئاسایی دەیکات؟

کاتێک رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی تا سەرئێسقان لە گەندەڵییەوە گلاوە، بە چ لۆژیکێک دێت گلەیی لە بارودۆخ دەکات، کاتێک هاوڵاتی هەموو دەم ئامادەیە لە سەرشۆستەو دەرەوەی ماڵی خۆیان زبڵ فڕێبدات بە بەشێک لە ماڵەکەی خۆی دانانێت، ئیتر گلەیی چ مانایەکی هەیە؟ کێشەی تاکی کورد ئەوەیە کە تەنیا کەموکورتی بەرامبەرەکەی دەبینێت، ئە دەکاتە بیانوو بۆ ساردنەوەی عەیبەکانی خۆی.

نوچەنێت: کلتوری یەکتر شکاندن و یەکتر قبوڵنەکردنی زۆرینە لای کورد، بۆچێ دەگەڕێتەوە؟ ئەگەر لە گەڵ عەرەبێک بڕۆیتە فرۆشگا یان دەزگایەکی حکومی، ئەوەندەی بەدەم ئەوەوەن گرنگی بە کوردەکە نادەن. لە سەر ئاستی سیاسیش حزبەکان تەنازول بۆ عەرەب و بیانییەکان دەکەن، بەڵام بۆ یەکتری ناکەن؟

د.رێدار: ئێمەی کورد چێژ لە شکستی یەکتر دەبینین، پێمانوایە شکستی یەکتر بەرزمان دەکاتەوە، نازانین ئەو شکستە شکستی هەموانە، پێویستە ئەو چەمکە راست بکرێتەوە ئەگەرنا بەردەوام لە گێژەڵوکەی شکست لە دوای شکستدا دەبین، بەداخەوە بەهۆی قوڵبوونەوەی بیری ناوچەگەری، بنەماڵەیی، عەشیرەتگەری تائێستا ئەمانە لای کورد لە نەتەوە پیرۆزترن، ئەمە کارەساتەکەیە تاک ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانی سەرکردەیەک، بەڵام ئامادەنییە خۆی بکاتە قوربانی خاکەکەی، ئەگەر سەرکردەکەی وڵاتپاریزبوو ئەویش هەوە، بەڵام ئەگەر وڵاتفرۆش بوو ئەویش هەوە، پیرۆزی لای ئەو بنەماڵەو عەشیرەت و ناوچەیە، ئە،ە بیرکردنەوەی تاکی کوردە، بیرکردنەوەی سەرکردەی کوردیش رەنگدانەوە یاخود هەر تەواوکاری ئەمجۆرە بیرکردنەوانەن، ئەو پییوایە کە دەبێ هەر ئەو سەرکردەبێت، چونکە کەسیتر نییە ئەم کارەبکات، هەلومەرجی کوردستانیش وابووە زیاتر لە سەرکردەیەک لە یەک کاتدا هەبووەو هیچیان یەکتریان قبوڵ نەبووە.

سەرکردەیەک کە ئەویتری قبوڵنەبێت، زۆر لای ئاساییە کە پشت بەهێزێکی دەرەکی ببەستێت بۆ پاراستنی دەسەڵات و قەوارەی خۆی، بگرە پێیوایە ئەم ئەرکە نیشتیمانییە، ئەم هەستە بۆناو تاک لە کۆمەڵگە شۆڕبۆتەوە، بۆیە دەبینین لە هزری ئەودا تاکی کورد بەهای نییە بەڵام بێگانە ئەوکەسەیە کە قەوارەکەت دەپارێزێ.

پرۆفایل:

رێدار محەمەد ئەمین

پزیشکی پسپۆڕی دەرونی

نوسەر لەبواری دەرونی پەروەردەیی

مامۆستا لە زانکۆی کوردستان-هەولێر

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com